کاروان ستونی: ئه‌وانه‌ی به‌ ڤیزەی یه‌ك ساڵی ده‌چن بۆ حه‌ج تووشی سزا ده‌بنه‌وه

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ 685 هەزار کەسە. هاوکات دەڵێت: سبەی دوا وادەیە بۆ ناونووسین بۆ حەج. لەبارەی ڤیزەی یەک ساڵی سعوودییە گوتی: ئەوانەی بە ڤیزەی یەک ساڵی سعوودییە دەچن بۆ حەج تووشی سزا دەبن.

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، بەر لە دوو هەفتە رامانگەیاندبوو دەست بە تۆمارکردنی ناو بۆ حەج دەکرێت و لە رێگەی هەموو راگەیاندنەکان هاووڵاتییان ئاگەدارکرانەوە، هاوکات ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام بوو سبەی دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناو و تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچووە.

هاوکات راشیگەیاند، ئەمساڵ بەمەبەستی کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان هەستاین بە کردنەوەی چوار بنکە لە قەزاکانی ئاکرێ، شەقڵاوە، کۆیە و سەیدسادق بۆ تۆمارکردنی ناوی هاووڵاتییان بۆ حەج، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەم قەزایانەش بتوانن لە نزیکترین شوێن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. ئەوەشی خستەڕوو، بە گوتەی ئەم نووسینگانەی کە ناوی هاووڵاتییانیان بۆ حەج تۆمارکردووە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ناو خۆیان تۆمارکردووە و لە ئێستادا نووسینگەکان چۆڵ بوونە.

گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان باسی لە پشکی هەرێم کوردستان  بۆ حەجی ئەمساڵ کرد و گوتی: بە گوێرەی نووسراوی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق کە بەدەستمان گەیشتووە پشکی هەرێمی کوردستان لە حەجی ئەمساڵ چوار هەزار و 685 کەسە. ئاماژەی بەوەدا، ئەوانەی 2017 ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ حەج ئەمساڵ بە رێژەی 60% ناوەکانیان بەشدارپێدەکرێت لە تیروپشک، ئەوانەی ئەمساڵیش ناوی خۆیان تۆماردەکەن بە رێژەی 40% ناوەکانیان بەشدارپێدەکرێت لە تیروپشک. هەروەها نزیکەی 60 هەزار کەس لە ساڵی 2017 ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمارکردبوو.

کاروان ستونی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی دامەزراوەی کوردستان24 کرد لەبەرامبەر ئەو رووماڵەی کە بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ کردی.

لەباری پرۆسەی تیروپشک بۆ دەرچوونی ناوی هاووڵاتییان بۆ حەج، گوتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، گوتی: لە پاش تەواوبوونی پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج لە هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە گەڕاندەوەی فۆڕمەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی حج و عومرە، ناوەکان لە سیستەم تۆمار دەکرێت و ووردبینی بۆ دەکرێت، هەروەها دوای نزیکەی مانگێک بە ئامادەبوونی دەزگا راگەیاندنەکان دەست دەکرێت بە ئەنجامدانی تیروپشکێکی شەفاف بۆ دەرچوونی ناوی حاجیان.

کاروان ستونی، لەبارەی وەرگرتنی ڤیزەی یەک ساڵی سعوودییە کە هەندێک هاووڵاتی دەیانەوێت بەو ڤیزەیە فەریزەی حەجیش ئەنجام بدەن، گوتی: ئەم ڤیزەیە بە هیچ شێوەیەک بۆ حەجکردن نابێت، بەهۆی ئەوەی سعوودییە رێنمایی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، "هەرکەسێک بە ڤیزەی یەک ساڵی سعوودییە فەریزەی حەج ئەنجامبدات دەستگیردەکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ و نزیکەی 15 هەزار دۆلار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و مۆری سۆریش لە پاسپۆرتەکەی دەدرێت کە جارێکی دیکە نەتوانێت سەردانی سعوودییە بکات".

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، وەک وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رێکاری توند بەرامبەر ئەو کەس و کۆمپانیانە دەگرنەبەر کە بیانەوێت هاووڵاتییان فریو بدەن و ڤیزەی یەکساڵی سعوودییەیان پێ بفرۆشن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، هەروەها "حەجکردن بە شێوەی قاچاغ و نایاسایی بە هیچ شێوەیەک قبوڵ نییە، چونکە رێگەیەکی سەلامەت نییە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە".