ئەمەریکا سیستەمی بەرگری لە چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمەریکا نزیکەی 10 سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش وەک پێشبینی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەیە.

بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا لە ژمارەیەک وڵاتدا دەبێت، لەوانە ئوردن، عێراق و سعوودیە و سووریا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن رایگەیاندبوو، ئەمەریکا پاتری سیستمی بەرگری موشەکی بەرز(تاد) و چەند کەتیبەی زیادەی سیستەمی دژە موشەکی پاتریۆت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، بەبێ ئەوەی شوێنەکە دیاری بکات.

بنیامین ناتانیاهۆ وەزیری ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، قۆناغی داهاتووی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بۆ شکستپێهێنانی بزووتنەوەی حەماس نزیک دەبێتەوە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.