سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا شەڕی حەماس و ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن

کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا (وێنە: ئەرشیف)
کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا (وێنە: ئەرشیف)

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر شەڕی حەماس و ئیسرائیل کۆدەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر "وەستانێکی مرۆیی جەنگ یان داوای وەستانی جەنگەکە" بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەرکردەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێک، بەتایبەتی دوایین ڕەوشی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و ڕاگرتنی شەڕەکە، بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆدەبنەوە.

لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا کە ئەمڕۆ لە باڵەخانەی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا دەستپێدەکات و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت؛ بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆژی یەکەمی لووتکەکە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆکراینا، کۆسۆڤۆ، قەرەباغ، ساحل و کۆچ دەبێت.

بەپێی ئەو زانیارییەی بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا خستوویانەتەڕوو، چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکان دڵنیایی بدەن لە پشتیوانی کردنی ئیسرائیل لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئیسرائیل-حەماس، جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشەکانی حەماس بکەن و گفتوگۆ بکەن لەبارەی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە کە لە ژێر بۆردوومانی ئیسرائیلدایە.

چاوەڕوان دەکرێت سەرکردەکان بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر "وەستانێکی مرۆیی جەنگ یان داوای وەستانی جەنگەکە" بکەن کە دەستەبەری گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بکات بۆ غەززە.