لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکرێت

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکرێت
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکرێت

K24 - هەولێر

پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژێکدا سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بە پێوەرى جیهانی بەرهەم دێنن و لە ڕێگەى پرۆژە جیاجیاکانەوە دەگەیەندرێتە ماڵان و، حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینار بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە خەرج دەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "توانای بەرهەمهێنانی پرۆژە و بیرەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجا ئاوە؛ ئەوەش لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر دەگۆڕێت. ئەو ئاوەی بەرهەمدێت لە بیرەکان و پرۆژەکان و کانییەکان هەر هەمووی دوای پشکنین و دڵنیابووەنەوە، بە گوێرەی ستانداردەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و ستانداردی عێراقی بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاردێت."

ئاری ئەحمەد دەشڵێت: ''پرسی پاککردنەوەى ئاو پرسێکی فیزیایی و کیمیاییە، زیاتر لە 10 پشکنینی کیمیایی و چوار پشکنینی فیزیایی و سێ پشکنینی بایۆلۆجی بۆ دەکرێت. تێچووی ئەم پرۆسەیە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان ساڵانە 500 ملیار دینارە."

هیوا عەبدولرەزاق، سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ ڕایگەیاند: ''سەبارەت بە پاککردنەوەى ئاو لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ کە سەرچاوەکەى زێی گەورەیە، بە پێنج قۆناغ ئاوەکە پاک دەکرێتەوە. لە ڕووبارەکە وەردەگیرێت و بە چەند پەمپێکی گەورە ئاوەکان دەهێنرێنە ناو پرۆژەکە و لەوێوە بە پێنج پرۆسە کاری لەسەر دەکرێت، تا بۆ هاووڵاتییان دەنێردرێت.''

سەرپەرشتیاری ئاوی ئیفرازی سێ هێمای بۆ ئەوەش کرد، لە پرۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ هیچ کێشەیەک نییە و ئەو ئاوەی کە پاکیش دەکرێتەوە، بە گوێرەی ستانداردی جیهانییە."

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2023، لە جیهاندا نزیکەى 2 ملیار کەس کێشەى دابینکردنی ئاوى خواردنەوەیان هەیە، ئەم دیاردەیەش لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان و وشکەساڵی زیاتر بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاو و گەیاندنی ئاوی پاک بە هاووڵاتییان، سیاسەتی گەشەپێدانی پرۆژە ئاوییەکانی لەسەر بنەماى زانستی گرتووەتە بەر.