گرژییەکانی نێوان رواندا و کۆنگۆی دیموکرات بەرزبووەتەوە

سەربازانی کۆنگۆی دیموکرات
سەربازانی کۆنگۆی دیموکرات

K24 - هەولێر

رۆژی چوارشەممە، گرژییەکانی نێوان رواندا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی یەکتریان بەتەقەکردن لە سنوورەکانی نێوانییان تۆمەتبارکرد، کە لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی رواندا کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.

ماوەی دوو ساڵە ئەو دوو وڵاتە یەکتر تۆمەتباردەکەن، بەوەی هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری دەدرێت لە رێگەی چەکدارکردن و پشتیوانیکردنی یاخیبووان، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە کە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، ئەو وێنانەی بڵاوکردەوە، کە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە 17ـی ئۆکتۆبەردا گیراون، کە کاروانی سەربازەکان بە چەکی قورسەوە دارستانەکان دەبڕن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاروانێکی سوپای رواندای دراوسێیە کە لە رێگادا بووە بۆ پشتگیریکردنی یاخیبووانی بزووتنەوەی "ئێم 23"، کە چەند رۆژێکە شەڕی توندیان لەگەڵ سوپای کۆنگۆ ئەنجامداوە بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکێک لە گرنگترین شارەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

گوتەبێژی حکومەتی کۆنگۆی دیموکرات، پاتریک مویایا لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" گوتی: رواندا جارێکی دیکە سنوور پێشێل دەکات بۆ پشتگیریکردن لە تیرۆریستە یاخیبووەکانی "ئێم 23".

مویایا، چوار وێنەی وەک بەڵگە بۆ پێشێلکردنی یەکپارچەیی خاکی کۆنگۆ لە پلاتفۆرمی X بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم بەڵگانە بخەینە بەردەستی ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن سەرۆکەکانی ولاتانەوە لە لوتکەی ئەنگۆلا، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی ئەو گریمانەیە کە هەمووان ئاگاداری بوون، کە رواندا راستەوخۆ پاڵپشتی تیرۆریستانی ئێم 23 دەکات".

کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ئاشکرای کرد، وێنەکان لە ناوچەیەکی نزیک شارەکانی تۆنگۆ و روتشورو لە باکوری کیڤو گیراون، ناوچەکە لەسەر سنووری رواندایە کە یاخیبووان تێیدا چالاکن و شەڕ دژی میلیشیا لایەنگرانی سوپای کۆنگۆ ئەنجام دەدەن.

لە بەرامبەر ئەم قسانەدا رواندا وەڵامی دایەوە، کە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لای خۆیەوە پشتیوانی لە یاخیبووان و بەکرێگیراوان و بزووتنەوە چەکدارەکان دەکات، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی، دیارترینیان "هێزە دیموکراتییەکان بۆ رزگارکردنی رواندا"یە کە هەوڵی رووخانی رژێمی رواندا دەدەن.

نووسینگەی گوتەبێژی حکومەتی رواندا بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانی بڵاوکردەوە، کە تێیداهاتووە، رواندا نیگەرانە لە بەردەوامی پشتیوانی و هاوکاری نێوان حکومەتی کۆماری کۆنگۆ و گروپە چەکدارە نایاساییەکانی دیکە و بەکرێگیراوانی بیانی، کە کردەوەی هەراسانکەر بەدرێژایی سنوورەکان ئەنجام دەدەن.

پێشتر رواندا ئەندامانی دیپلۆماسی خۆی ئاگادار کردۆتەوە کە نیگەرانە لە دووبارەبوونەوەی شەڕ لە کۆنگۆی دیموکرات، کە رواندا میوانداری زیاتر لە سەد هەزار پەنابەر دەکات و لە 62%ـی ئەو پەنابەرانە لە کۆنگۆی دیموکرات هەڵاتوون و لە 37% یان لە بوروندییەوە هاتوون.

ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری دا لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ هەرێمی دەریاچە گەورەکان، ئاگادارکردەوە، کە دۆخی ئەمنی و مرۆیی لە ناوچەکەدا باشتر نەبووە.