وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە سەیدسادق کردەوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 – سەیدسادق:

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی لە قەزای سەیدسادق کردەوە و، هاوکات بڕوانامەی بەشداریکردن لە خولێکی فێربوونی دوورمان بە 90 ئافرەت بەخشی.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023)، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆ لە قەزای سەیدسادق بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیمان کردەوە، ئەمەش دەروازەیەکە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بگەیەنینە ئەم قەزایە".

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لەماوەی رابردوودا کەمئەندامان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتەباڵایان هەر داواکارایی و کێشەیەکیان هەبووایە دەبوو سەردانی سلێمانی بکەن، بەڵام بەهۆی کردنەوەی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە بۆلەمەودوا هەر داواکارییەکیان هەبێت لێرە بۆیان جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخەوە ئەم قەزایە ئەوەی تێبینیمان کردووە خزمەتگوزارییەکی زۆر کەمی پێگەیشتووە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری خۆمان راسپاردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی زۆر نزیک سەنتەری ئۆتیزم لەم قەزایە بکەنەوە، کە لە ئێستادا 40 منداڵی تووشبووی ئۆتیزم ناونووسکراوە".

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: هەر ئەمڕۆ بڕوانامەمان بەسەر 90 ئافرەتادا دابەش کرد، کە بەشداری خولێکی فێربوونی دوورمانیان کردبووە، کە ئەمەش یەکێکە لەو سەنتەرانەی کە لە سنووری وەزارەتەکەی ئێمەیە، هەروەها ئێمە 27 سەنتەری گەشەپێدان و چالاکی منداڵانمان هەیە، ئەو سەنتەرانە بەبەردەوامی خولێ تێدا دەکرێتەوە بۆ منداڵ، مێرمنداڵ و ئەو ئافرەتانەی کە خواستی ئەوەیان هەیە فێری دوورمان بن.

کوێستان محەممەد، گوتیشی: تەینا لەمساڵدا 54 هەزار و 354 منداڵ، مێرمنداڵ و ئافرەت لە خولەکانی ئێمەدا بەشداریان کردووە.