پارتی لە کەرکووک بارەگای سەرکردایەتی خۆی وەرگرتەوە پاشان بەخشی

پارتی لە کەرکووک
پارتی لە کەرکووک

K24 – هەولێر:

پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بارەگای سەرەکی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک، ئەمەش دوای ئەوەی بە یاسایی مافی وەرگرتنەوەی بارەگاکەی بەدەستهێنا.

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکرا، هەرچەندە وەک یەکێک لە خاڵەکانی نێو کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و رێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، چۆڵکردن و رادەستکردنەوەی بارەگاکان بە پارتی جێگیرکرا، بەڵام ئەو بابەتە تا مانگی ئابی ئەمساڵ وەک خۆی مایەوە.

دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 1ـی ئەیلوولی 2023ـەوە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی بکرێتەوە، لە 28ـی ئابی 2023، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.

داخستنی شاڕێی شارەکە، کاریگەری تەواوی لەسەر راگرتنی کار و کەسابەتی هاووڵاتییان دروستکرد و بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگیش لە هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر، بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێزاری و بارگرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانەکەی دروستکرا، ئەمەش وایکرد هاووڵاتییان سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو بێڕێزی و دەستدرێژییانەی لەناوچەکانیان دەکرێت، داوای کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکەن کە دروستکراوە.

رۆژی (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.

ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هات، کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.

تا دواجار لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.

لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، له‌پێناو پاراستنی گیانی ته‌بایی و سه‌قامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسه‌ی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شاره‌كه.

پەیامی پارتی لەم هەنگاوە، جەختکردنەوە بوو کە کەرکووک هەر دڵی کوردستانە و لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەریشەوە، خەبات دەکات بۆ سارێژکردنی برینی دڵی کەرکووکییەکان.