ئاراستەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەرەو کوێ؟

Kurd24

ئەو شەڕەی لە 7ـی تشرینی یەکەم لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە هەڵگیرسا چەندین پرسیاری لێکەوتەوە، کە پەیوەستن بە ماوەی چاوەڕوانکراوی بەردەوامبوونی و ئەگەری ئەوەی لایەنە هەرێمییەکانی دیکە بەشداری لەو شەڕە بکەن و ئایا چەند ئەگەری ئەوە هەیە، ئیسرائیل کەرتی غەززە بە تەواوی داگیر بکات، بێجگە لە ڕادەی کاریگەری پێکهێنانی حکومەتی فریاکەوتن لە ئیسرائیل، کە ئەرکی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ئەو شەڕەی هەیە لە قۆناغی ئێستادا؟

رێژەی شەڕەکە:

ئەگەر وای دابنێین، کە شەڕەکانی ئێستا تەنها لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس و جیهادی ئیسلامی سنووردار دەبێ، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە، گرژییەکانی نێوان هەردوولا هەڵکشێ، ئەمەش بەو مانایە دێ، لە قورس بێت ئاسۆی کاتی کۆتایی هاتن بەر شەڕ دیاری بکرێت.

لێدوانەکانی سەرکردەکانی ئیسرائیل، بۆ نموونە  سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهو و وەزیری بەرگری یۆڤ گالانت و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان هێرتی هەلیڤی ئەو بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە، کە شەڕەکە درێژخایەن دەبێت و ناوەستێت تا ئیسرائیل ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت.

لە ڕاستیدا ئیسرائیل تەنها یەک ئامانجی هەیە، ئەویش لەناوبردنی حەماس و جیهادی ئیسلامی و ڕووخاندنی دەسەڵاتی حەماسە لە کەرتی غەززە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ئیسرائیل دەبێ هێرش بکاتە سەر غەززە.

بۆ ڕێگریکردنیش لە قوربانییەکی گەورەتر لەنێو هێزەکانیانی، لە کاتی یان لە دوای ئەم ئەگەری داگیرکارییە، دەبێ هێزەکانی ئیسرائیل بۆ چوونە ناو غەززە کار  بۆ دابەشکردنی هەنگاوەکانی ئۆپەراسیۆنەکەیان بکەن.

 بۆیە ئیسرائیل داوای لە غەززەییەکان کرد، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو باشووری کەرتی غەززە یان بەرەو سینا و سنوورەکانی میسر بڕۆن.

پلانی دابەشکردنی هەنگاوەکان دەستیپێکردووە، بۆیە جەنگەکە درێژە دەخایەنێت، دەکرێ چەند مانگێکێ بخایەنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل هەوڵدەدات، بەم هۆکارانەی خوارەوە ماوەی شەڕەکە کەم بکاتەوە:

1- فشارەکانی ڕای گشتی لە ئیسرائیل بۆ سەر ناتانیاهو و حکومەتەکەی بۆ کورتکردنەوەی ماوەی شەڕەکە زیادیان کردووە، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل قوربانییەکی زۆری لێبکەوێتەوە یان ڕەخنەی نێودەوڵەتیشی لێبگیرێت، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانی، کە چاوەڕوان دەکرێت لەنێو دانیشتوانی کەرتی غەززەدا، بەهۆی بۆمبارانی ئاسمانی و شەڕی زەمینی.

2- کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئیسرائیل بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی خۆراک و یارمەتی پزیشکی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، لە کاتێکدا تەل ئەبیب دەزانێ، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەم داواکارییە دەبێ بە دەرفەتێ بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامی جەنگەکە درێژتر بکەنەوە.

3- درێژی کاتی شەڕ و بەکارهێنانی هێزی یەدەگ، کە لە سەرتای شەڕ بانگهێشتکران بۆ هەڵگرتنی چەك، دەبێتە مایەی زیان بۆ ئابوری ئەو وڵاتە.  

4- ترسی حکومەت لە کارتێکردنی درێژی ماوەی شەڕ لەسەر چینەکانی کۆمەڵگە، کە ئامادەیە ئیسرائیل بە جێ بهێڵێ، چوکە ترسی ئاسایشی هەیە، یان ناتوانێ تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێت.

5- نەبێتە هۆی زیادکردنی گرژی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل، بەتایبەتی لەو کاتەوەی کە ئەمەریکا سەرەڕای پشتیوانی ئاشکرای ئیسرائیل ڕازی نییە بە توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر کەرتی غەززە و هەوڵدەدات ڕێکبکەوێت لەسەر ئاگربەستێکی مرۆیی، تا یارمەتی پزیشکی و خۆراک بگاتە دەست دانیشتوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانە ئیسرائیل هەوڵدەدات ماوەی شەڕەکە کورت بکاتەوە و پەلە بکات لە داگیرکردنی باکوری غەززە، بەو هیوایەی ئەمە بۆ حەماس و جیهادی ئیسلامی بێزارکەر بێت و هانیان بدات، ئامادەیی خۆیان دەرببڕن، بۆ ڕاگرتنی هێرشە موشەکییەکانیان بۆ ناو شارەکانی ئیسرائیل و دیلە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکەن، بێ ڕێکەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

لای خۆیەوە ئیسرائیل داوا دەکات، حەماس و جیهادی ئیسلامی بچنە دەرەوەی کەرتی غەززە، بۆ ئەوەی شەڕەکە بە تەواوی ڕابگرێ. هەروەها لەوانەیە داوای ئەوەش بکات، کەرتی غەززە لەلایەن بئیدارەیەکی نێودەوڵەتی بێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو ئیدایە لە داهاتوودا هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل نەبێت.

سنووری جەنگەکە:

لەڕووی پراکتیکییەوە ناتوانرێت بوترێت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس فراوان نەبووە. جوڵەکانی حیزبوڵا لە لوبنان و چالاکی هەندێ لە ڕێکخراوە فەلەستینییەکان لە سوریا، هەر لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە، ئەوە دەردەخەن، کە کردنەوەی بەرەی تر لەگەڵ ئیسرائیل لە باکووری ئەو وڵاتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆی شەڕێکی تەواوی چەندین بەرە، بە تایبەتی لەگەڵ ئەو لایەنانەی، کە لەلایەن ئێران هاوکاری دەکرێن. تەنانەت ئەگەری ئەوەش هەیە، ئێران ناچار بێت، خۆی لە هەر ئان وساتێکدا بخاتە ناو ئەو شەڕە.

فراوانبوونی شەڕ دەکرێت وەک ئەگەرێک لە چوارچێوەی یاری قۆڵبادانی سێگۆشەیی بێت  کە ئێران، حیزبوڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامی بگرێتەوە. تاران سەرکەوتوو بوو لە درووستکردنی ئەو سێ گۆشەیە و توانی بیکات بە ستوونێکی بەهێز لە ناوچەکە بۆ بەرانگاربوونەوەی ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بۆ دامەزراندنی ئەو سێ گۆشەیە بە ملیار دۆلار خەرج کردووە و پاراستنی ئەوەش لێکەوتنەی ئابوری و سیاسی و ئاسایشی لەسەر ئێران هەبووە. تاران باش دەزانێ، داڕمانێ هەر باڵێ لەو سێ گۆشەیە دەبێتە مایەی لاوازبوونی ئەو سیستەمە، بۆیە ناتوانێت ڕووبەڕووی سەرکەوتنی ئیسرائیل نەبێتەوە، لە لەناوبردنی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە، جا ئایا بە هێزی خۆی بێت یان لە ڕێگەی بڕیاری نێودەوڵەتییەوە بێت.

چەندین هۆکاریش هەیە، بۆ ئەوەی ئێران دەستپێشخەری نەکات بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژ بە ئیسرائیل، لەوانە:

1-  ئێران هێشتا دەرفەتی ئەوەی هەیە، خۆی لە پێکدادانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە دوور  بگرێت، لە ڕێگەی فشارخستنە سەر حیزبوڵا بۆ کردنەوەی بەرەیەك لە باکوری لوبنان و سوریا.

2- چوونی تاران بۆ ناو ئەو جەنگە لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بە نایاسایی دادەنرێت. واتە، ئەگەر حەماس و جیهادی ئیسلامی هەندێ شەرعیەتیان هەبێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئیسرائیل بەشێ لە خاکی فەڵەستینی داگیرکردووە، ئەوا هێرشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل لە ناو خاکەکەیەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت، تاران بەبێ هەبوونی پاساوێکی قبوڵکراو بە مانای ڕاگەیاندنی جەنگ دێت، یان بە مانای وەڵامدانەوەی هێرشێ دێ، کە لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەنجامدرابێ.

3- بوونی کەشتییەکانی ئەمریکا لە کەناراوەکانی ئیسرائیل، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڵێنی پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلی داوە. ئەمریکا دەتوانێت وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران بداتەوە بۆ سەر تەل ئەبیڤ، ئەوەش بە بەکارهێنانی سیستەمی دژە موشەکی بۆ خستنە خوارەوەی موشەکەکانی ئێران پێش ئەوەی بگاتە خاکی ئیسرائیل، یان بە تێکشکاندنی هێزە دەریاییەکانی ئێران، کە لە کەنداوی عەرەبیە، و دەتوانێ بەکاریان بهێنێ بۆ مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل.

4- ئەگەر ئێران هەوڵ بدات، کەشتییە دەریاییەکانی ئەمەریکا بکاتە ئامانج، جا بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەوەی یارمەتی ئیسرائیل بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵای لوبنانی (لە حاڵەتی چوونە ناو جەنگەکەدا بە تەواوی هێز) ، یان لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر خاک و کەشتییە دەریاییەکانی، ئەوا هێزەکانی ناتۆ دەتوانن بچنە ناو شەڕی دژ بە ئێرانەوە، بەپێی بەیاننامەی هاوپەیمانێتیەکە، ئەندامانی ناتۆ ناچارن بەرگری لە هەر ئەندامێکی ناتۆ بکە،ن کە لەژێر هێرشی سەربازی بێت.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم هۆکارانەی ئاماژەمان پێ کرد، تاران سێ بژاردەی قورسی لەبەردەم دەمێنێ:

1- دەستبەردای هاوپەیمانەکانی (حەماس و جیهادی ئیسلامی) بێت، کە ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوونی تەواوی توانا سەربازییەکانیان دەبنەوە، و ناچار بێت کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە قبوڵ بکات.

2- حیزبوڵای لوبنانی هان بدات، بەرەیەك لە باکوور بکاتەوە بۆ هێورکردنەوەی بەرەی باشوور.

3- دەستپێشخەری بکات لە بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لەو شەڕەدا و هانی  هێزەکانی حیزبوڵا بدات، بۆ چوونە ناو قووڵایی ئیسرائیل و ئەنجامدانی شەڕ لە ناوخۆی ئیسرائیل، ئەوەش بە بەکارهێنانی هێرشە موشەکییەکانی ئێران و هاوشێوەکانی وەکو حیزبوڵا لە باشوری لوبنان و لە خاکی سوریاوە، وەکو چەترێ بۆ خۆپاراستن.

لە هەر سێ ئەگەرەکاندا، ئێران دۆڕاو دەردەکەوێت، ئەگەر بژاردەی یەکەم هەڵبژێرێت، ئەوا ئامرازەکانی بۆ ڕێگریکردن لەدەست دەدات. ئەگەر بژاردەی دووەم هەڵبژێرێت ئەوا ئەوا تەواوی سێگۆشەکەی، کە دایمەزرانددوە،  خێرا دەڕووخێ. بە تایبەتی ئەگەر ئیسرائیل بڕیار بدات ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی لە غەززە دوابخات، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵا و بەشێکی گەورە لە توانا سەربازییەکانی تێکبشکێنێ. بێجگە لە هەوڵدانی بۆ لە دەستدانی شەرعییەت لەناوخۆی لوبنان، چونکە ئەو کاتە بەرپرسیارێتی ئەوەی دەکەوێتە سەرشان، کە ئێران مەبەستییە لوبنان وێران بکات، تا بتوانێ بەرژەوەندی خۆی بپارێزێ.

گەورەترین زیان بۆ تاران ئەوە دەبێت، ئەگەر هەنگاو بنێت بۆ کارکردن بەپێی بژاردەی سێیەم (ڕاگەیاندنی جەنگ دژی ئیسرائیل)، چونکە دەستێوەردانی ئەمەریکا لە تەنیشت تەل ئەبیڤ مانای ئەوەیە، تاران لە جەنگی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ واشنتن.

و دواتریش لەگەڵ ناتۆ. واتە خاکی ئێران لە زیاتر لە یەک بەرەوە ڕووبەڕووی هێرشی بێ وێنە دەبێتەوە، ئەمەش لە سایەی نادڵنیایی بوون لەوەی ئایا ڕوسیا و چین ئامادەن لەگەڵ ئێران بن بۆ بەرگریکردن لە شەڕێکی لەو شێوەیەدا.

لەم چوارچێوەیەدا، پێدەچێت ئێران ناچار بێت، ئەو زیانەی، کە لە ئەنجامی تێکشکانی باڵێ لە باڵەکانی سێگۆشەی بەرپەرچدانەوەکەی قبوڵ بکات، ئەوەش بە ڕێگەدان بە حیزبوڵا هێرشی سووك دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدات، کە هاندەر نەبێت بۆ دەستپێکردنی جەنگێکی تەواو دژی لوبنان و حیزبوڵا، بەڵام عەرەقی شەرمەزاری لە ناوچەوانی ئێران بسڕێتەوە لەبەردەمبە هەردوو گروپی و جیهادی ئیسلامی و کارێ نەکرێ هەردووکیان بەتەواوی لەناوبچن، بەڵکو هێزیان زۆر کەم بکرێتەوە.

داگیرکردنی کەرتی غەززە:

زەحمەتە بیر لەوە بکەینەوە ئیسرائیل ئارەزوومەندانە واز لە داگیرکردنی کەرتی غەززە بهێنێت و بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی ئاشکرای کردووە بەسەر چەند ناوچەیەکدا گرنگترین ئامانجی لەناوبردنی بوونی سەربازیی حەماس و جیهادی ئیسلامییە.

تەنها ڕەچاوکردنی باری ئاسایشی ئیسرائیل و فشارە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەتوانن قەبارەی پرۆسەی داگیرکردن سنووردار بکەن، یا هەڵیبوەشێننەوە.، بەڵام لێرەدا تەل ئەبیب سووردەبێت لەسەر دوو داواکاری:

1- گەڕانەوەی زیندانییەکان و لاشەی سەربازان و هاوڵاتیانی مەدەنی بە تەواوی، کە لای حەماس و جیهادی ئیسلامین، بەبێ ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان وەک ئەوەی هەردوو گروپەکە مەبەستیانە، بە مەرجێک ئەمە یەکسەرە ئەنجام بدرێت، پێش ئەوەی بڕیاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر کەرتی غەززە بدرێت.

2- پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی داماڵینی چەکی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و دانانی لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی نێودەوڵەتی.

چاوەڕوان دەکرێت حەماس و جیهادی ئیسلامی بە توندی ئەو مەرجانە ڕەت بکەنەوە، لای خۆیەوە ئیسرائیل هیوادارە ڕەتکردنەوە ڕووبدات، چونکە لەم حاڵەتەدا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، لەبەردەم جیهاندا و خەڵکی فەڵەستین لە غەززە ڕەوایەتی پێ دەدرێ، بۆ بەردەوامبوونی لەسەر پلانەکەی،  کە لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل ئێستا بەهۆی کەمی خۆراک و خزمەتگوزاری پزیشکی و زیانی گیانی گەورەوە دەناڵێنن.

لەهەموو حاڵەتێکدا، پێدەچێت پەیوەندییەکی نزیک هەبێت لە نێوان گەیشتن بە ئاگربەستی مرۆیی و سنووردارکردنی ئەگەری فراوانکردنی بەرەکانی جەنگ، چونکە کەمکردنەوەی ئازارەکانی فەڵەستینییەکان دەبێتە هۆی بێبەشکردنی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی لە بەکارهێنانی دۆخەکە بۆ بەرەوپێشبردنی گرژییەکان و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە.

حكومەتی فریاکەوتن:

بەم دواییانە حکومەتێکی بەپەلە لە ئیسرائیل پێکهێنرا بە چوونی پارتی "یەکبوونی نیشتمانی" یان "بەرەی دەوڵەت" بە سەرۆکایەتی بێنی گانتس  بۆ ناو هاوپەیمانێتییەك، کە نەتانیاهو ڕێبەرایەتی دەکات. ئەرکی ئەم حکومەتە بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی ئێستا دیاریکرا.

بەم شێوەیە، ئەم هاوپەیمانێتییە جیاوازە لە حکومەتی یەکگرتووی نەتەوەیی کە پێش دەستپێکردنی جەنگی حوزەیرانی 1967 لە ئیسرائیل پێکهێنرا. حکومەتەکەی ئەو کاتە هەموو لایەنەکانی شەبەنگی سیاسی تێدابوو. حکومەتی باری نائاسایی ئێستا لەگەڵ زۆرێ لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆندا بەشداری نەکردووە، بەتایبەتی حزبی "ئایندەیەك هەیە"، کە یائیر لاپید سەرۆك و دامەزرێنەرێتی، بۆیە ئەم هاوپەیمانێتییە ڕەنگدانەوەی کۆدەنگی نیشتمانی ئیسرائیل نییە.

لە هەر حاڵەتێکدا، بڕیارەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل لە جەنگەکەدا کاریگەری لەسەر ڕەچاوکردنی نەریتی ڕکابەری ناوخۆیی نێوان لایەنە هاوپەیمانەکان، یان ململانێی نێوان ئۆپۆزسیۆن و حکومەت، نابێت.

لەنێو بازنە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی ئیسرائیلدا بڕیارێ هەیە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی ئێستا بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە و تۆڵەکردنەوەی ئەو زیانە مرۆیی و ماددی و دەروونییانەی لەم جەنگەدا بەسەر ئیسرائیلدا هاتووە. دواجار پشتیوانی سیاسی و جەماوەری فراوان دەستەبەر دەکرێ،  بۆ هەر بڕیارێکی توند، کە حکومەتە لە ماوەی جەنگەکەدا دەیدات. لە هەمان کاتدا لێپرسینەوە لەسەر ئەوەی کە ڕوویدا، دوادەخرێ بۆ دوای کۆتایی شەڕەکە.