سه‌باح سوبحی: سوودانی له‌ژێر كاریگه‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پێ جێبه‌جێ ناكرێت
K24 - هەولێر:
ئه‌مڕۆ ساڵێك به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌كه‌ی سوودانی تێپه‌ڕده‌بێت، هاوكات په‌رله‌مانتارێك ئاماژه به‌وه ده‌كات سوودانی له‌ژێر كاریگه‌ری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ناتوانێت بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 27ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) سه‌باح سوبحی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر سیسته‌مێكی حوكمڕانی له‌سه‌ر سێ بنه‌ما ده‌بێت، ئه‌وانیش ئاستی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و رێژه‌ی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه، هه‌روه‌ها رێژه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتییان به كارنامه‌كه و جێبه‌جێكردنی، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به وردبوونه‌وه له كابینه‌كه‌ی سوودانی، روون ده‌بێته‌وه ئه‌و حكومه‌ته رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه بووه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان و دانه‌مه‌زراندنی ده‌رچووانی زانكۆ و په‌یمانگاكان و چه‌ندین كێشه‌ی دیكه‌ی رۆژانه‌ی هاووڵاتییان.
سه‌باح سوبحی له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌وه كرد، له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانیدا هه‌ردوو ته‌وه‌ری 20 و 23 تایبه‌ت بوو به كورد و چاره‌سه‌ركردنی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی سه‌ره‌كی و هه‌ڵپه‌سێردراو، به‌ڵام سوودانی له‌ژێر فشاری هه‌ندێك لایه‌ندا نه‌توانی ئه‌و بابه‌تانه چاره‌سه‌ر بكات و داواكارییه‌كانی كورد له‌باره‌یانه‌وه جێبه‌جێ بكات.
په‌رله‌مانتاره كورده‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌وانه‌ی له‌ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پشتیوانیان له سوودانی كرد، ئێستا دژایه‌تی ده‌كه‌ن و فشاری ده‌خه‌نه‌سه‌ر، به‌تایبه‌ت ئه‌وان پێشتر ده‌یانویست سوودانی ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌جێنداكانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌كاربهێنن، به‌ڵام سوودانی تاڕاده‌یه‌ك توانی ئه‌و بابه‌ته تێپه‌ڕێنێت و به ته‌واوه‌تی نه‌چێته ژێر فشاره‌كان.
ناوبراو روونیشیكرده‌وه، كورد بۆ داواكارییه‌كانی و جێبه‌جێكردنیان رێگای سیاسی و یاسایی و ده‌ستووری هه‌یه. گوتیشی، كورد به‌وپێیه‌ی له په‌رله‌مان زۆرینه نییه، بۆیه لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌ر بابه‌تێكیان بوێت به زۆرینه ده‌توانن تێیبپه‌ڕێنن، بۆ ده‌ستوور و سیاسه‌تیش به هه‌مان شێوه‌یه.
جه‌ختیشیكرده‌وه، له‌ناو عێراق ده‌وڵه‌تی قووڵ هه‌یه، كه هه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌ته قووڵه‌یه له‌ناو چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌ت دژایه‌تی ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری و عه‌سائیب و ئه‌وانی دیكه‌ش، كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سوودانی ئه‌جێندای ئێرانی له‌ناو عێراق و حكومه‌تدا جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به دارایی و ئابوورییه‌وه هه‌یه، كه ئێران ده‌یه‌وێت پشكی شێری هه‌بێت. هه‌روه‌ها گوتیشی، ئه‌مه‌ریكاش له‌لای خۆیه‌وه فشاری ده‌خاته‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئێران و گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران.