کۆبوونەوەی لوتکەی سه‌ركرده‌كانی یەکێتی ئەوروپا کۆتاییهات

کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا.
کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا.

K24 -هەولێر:

کۆتا رۆژی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا کۆتاییهات و سەرکردەکانی یەکێتییەکە داواینکرد رێگری لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە نەکرێت، هەروەها تێوەگلانی ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لەو وڵاتە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس بە مەترسیدار ناودەبەن.

دووەمین رۆژی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو و هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و تێکچوونی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی مرۆیی غەززە مژاری سەرەکی گفتوگۆکانی سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا بوو، شارڵ میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لەسەر ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی چالاکانە هەوڵمانداوە لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگ بین دژی ئەو هێرشانەی لەلایەن حەماسەوە دەکرێنە سەری، لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گفتوگۆداین بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆنفرانسی ئاشی بەمزووانە، داوای کردنەوەی رێڕەوی مرۆییمان کردووە، کە ئەمەش بڕیارێکی گرنگ بوو بە کۆی دەنگ ئەو بڕیارەماندا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدارە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان، گەر ئێران راستەوخۆ یان لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە تێوەبگلێت لەم جەنگە بێگومان دۆخەکە زۆر قورس دەبێت.

هاوکات ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامبوونی پاڵپشتیەکانی ئەوروپا بۆ ئیسرائیل، پێویستە هاوکاری مرۆیی بگەیەندرێتە غەززە و ئابڵوقەی لەسەر هەڵبگیرێت.

گوتیشی: هیچ دژبەرییەک لەوەدا نییە تۆ هاوسۆزی بۆ ئیسرائیل نیشان بدەیت، لە هەمانکاتدا لەگەڵ رەوانەکردنی هاوکاری مرۆیی بیت بۆ غەززە.

جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا جەختیان کردەوە کە نابێت جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا پشتگوێ بخەن، یەکێک لە پلانەکانی یەکێتییەکە تەرخانکردنی 21 ملیار دۆلارە بۆ هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا.

رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی یەکیتی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، رووسیا و ئۆکرانیا. ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە دەستیپێکرد و، کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبوو.

لەمبارەیەوە بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، لە برۆکسل رایگەیاند، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسیان لە ناردنی هاوکاری مرۆیی دەکرد بۆ خەڵکی غەززە، هاوکات سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەو کاتە دەیانەوێت حەماس بەتەواوی لەناو بچێت، ئینجا باسی ئاشتی و ئاگربەست بکرێت، هەروەها ژمارەیەک لە سەرکردەکان لەگەڵ ئەوەدان هاوپەیمانییەک دژی بزووتنەوەی حەماس دروستبکرێت هەروەکو چۆن هاوپەیمانییەک لە دژی داعش درووستبوو، لە ئێستادا چەند کاروانێکی هاوکاری گەیشتووەتە سەر سنووری غەززە، فەرەنساش بڕیاریداوە بەم نزیکانە کەشتییەکی پێداویستی پزیشکی و خواردن بنێرێت بۆ نزیک کەنارەوەکانی غەززە.