ئەمەریکا: کۆگاکانی سوپای پاسدارانمان لە سووریا کردووەتە ئامانج

وێنە: ئەرشیف
وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، بە فەرمانی جۆو بایدن چەند کۆگایەکی سوپای پاسدارانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ شەممە، 28 تشرینی یەکەمی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە و کۆگای هێزەکانی چەکدارەکانی سەر بە ئێران لەناو خاکی سووریا رایگەیاند "واشنتن ئامادەیە رێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان".

بایدن لە نامەیەکدا بۆ مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەداوە "گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئەمەریکییەکان لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە".

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکردووە، ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لەو هێرشانەدا بریندار بوونە.

لای خۆیەوە جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی هێرشەکانی ئاشکرای کرد، "چەند کۆگایەکی سوپای پاسدارانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج".

ئەوەشی خستەڕوو، ئامانج لە هێرشەکان کەمکردنەوەی توانای گرووپەکانی نزیک لە ئێران و ناردنی پەیامێک بووە، بۆ هەموو لایەک کە ئەمەریکا بە هەموو توانایەوە بەرگری لەخۆی دەکات.

ئەمە لە کاتێکیدایە پێنجشەممەی رابردوو سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندبوو، بنکە و بارەگاکانی سەر بە ئێران لە سووریا بکرێنە ئامانج و دا و گوتی: ئامادەین هێرشی زیاتر ئەنجام بدەین.

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو، بایدن فەرمانی داوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە سووریا، کە بە مەبەستی چەند کردەیەکی سەربازی دژی هێزەکانی ئەمەریکا بەکارهێنراون.