عێراق لە بەرهەمهێنانی ئایسکرێم و چەند ماددەیەکی دیکە گەیشتنە ئاستی دابینكردنی خواستی بازاڕی ناوخۆیی

ئایسکرێم
ئایسکرێم

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی 11 جۆری جیاوازدا، توانیویانە بگەنە ئاستی دابینكردنی خواستی بازاڕی ناوخۆیی، کە ئایسکرێم، شەربەت و خواردنەوە گازییەکان بەشێکن لەو بەرهەمانە.

رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) زوحا جبووری، گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاند، لە ماددەکانی (ئایسکرێم، شەربەت، خواردنەوە گازییەکان، چپسی گەنمەشامی، شەکر، ئاوی کانزایی، چیمەنتۆ، خوێی پیشەسازی، خوێی خواردن، قوتوی ئەلەمنیۆمی بۆ شەربەت و خواردنەوە گازییەکان و هەندێک ڤاکسینی ڤێتەرنەری) توانیویانە بگەنە ئاستی دابینكردنی خواستی بازاڕی ناوخۆیی.

گوتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمهێنانی ئەو ماددانە تەنیا لە ئاستی پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕەکانی ناوخۆیە تا ئێستا و هیچ بڕێکیان هەناردەی دەرەوە نەکردووە.

هەروەها وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق جەختی لە پابەندبوون بە بنەماکانی دڵنیایی جۆری و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە لە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمانە بۆ ئەوەی کوالێتی بەرهەمەکان لە ئاستی بەرهەمە هاوشێوەکانیان باشتر بێت و رکابەری بەرهەمی هاوردەکراو بکات.

پێشتریش حکومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی جۆرەکانی ئایسکرێم، شەربەت و خواردنەوە گازییەکانی دەرکردبوو، بۆ ئەوەی بەرهەمی کارگە عێراقییەکان لە بازاڕەکانی ناوخۆ ساغ بکرێتەوە.

بۆ بینین و ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵ و زانیاری فۆڵۆی چەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکە.