سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەى شەهید پوشۆ خالید دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی بنەماڵەى شەهید پوشۆ خالید دەکات و هاوخەمی خۆی دەردەبڕیت.

رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا هاوخەمی خۆی بۆ شەهیدبوونی موقەدەم پوشۆ خالید دەردەبڕێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پرسەنامەکەدا نووسیویەتی، " پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی شەهید موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم و هاوبەشی خەمیانم".

رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) موقەدەم پوشۆ خالید دوای برینداربوونی لە شەڕەکەی چیای قەرەچوغ و چەند رۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.

ئێوارەی رۆژی (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێک لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان شەڕە تەقە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچووغ روویدا و بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوام بووە و دواتر دۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا.

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) عەقید ساڵح زراری، فەرماندەی لیوای 18ـی پیادەی پێشمەرگە، دوای سێ رۆژ لە برینداربوونی لە شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوغ، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهید بوو.

ژمارەی شەهیدەکانی پێشمەرگە لەو شەڕەدا بەرزبووەوە بۆ چوار شەهید، کە بریتین لە شەهید عەقید ساڵح فەتاح زراری، فەرماندەی 18ـی پیادە، شەهید عەقید قەهار جەوهەر، فەرماندەی فەوجی یەکی 18ـی پیادە، شەهید موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 18ـی پیادە و هاوڕێ رەشید، پێشمەرگە لە فەوجی یەکی لیوای 18ـی پیادە.

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بنەماڵەى شەهید پوشۆ خالید

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی شەهید موقەدەم پوشۆ خالید، جێگری فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 18ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم و هاوبەشی خەمیانم.

خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ بینین و ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵ و زانیاری زیاتر فۆڵۆی چەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکە.