یەکەم قەداسەتی مەترانی ئەرمەن ئۆرتۆدکسی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو

مەتران ئوشاکان کولکولیان
مەتران ئوشاکان کولکولیان

K24 – هەولێر:

لە هەولێر یەکەم قەداسەتی مەترانی ئەرمەن ئۆرتۆدکسی ھەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو کە لە رێورەسمێکدا، بەخێرهاتنی ئوشاکان کولکولیان، وەک مەترانی نوێی کەنیسەی ئەرمەنی ئۆرتۆدوکس کرا.

رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە رێورەسمی قەداسەتی مەترانی ئەرمەن ئۆرتۆدکسی ھەرێمی کوردستان و عێراق، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد و پیرۆزبایی لە ئوشاکان کولکولیان کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ئەساقیفەی ئەرمەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە گوتارێکدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مەتران ئوشاکان کولکولیان دووپاتکردەوە هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.

هاوکات پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەرهەمی خەبات و ماندووبوونی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەش مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و گوتی، "ئەو پرەنسیپانە ئێمە دەکاتە خاوەنی ئەم خاکە کە خاکی هەرێمی کوردستانە و هەموومان بەیەکەوە ئەو مێژووەمان دروستکردووە".

هەروەها پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد، "کوردستان نموونەیەکی زۆر جوانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەرێمی کورستان جگەلە ئازادی پەرستشکردن، ئازادی ئایینیش هەیە، پێمان وایە ئەو ئازادی ئایینییە لە کەم وڵاتی ناوچەکە هەیە، پیاوانی ئایینی ئیسلام و کریستیان و ئایینەکانی دیکە، رۆڵێکی گرنگیان بینیووە بە گوتارە میانڕەوەکانیان، وایانکردووە کوردستان بەو شێوەی ئێستا بێت".

نوێنەری سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکە، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا ئارامی هەرێمی کورستان و ئاوەدانی و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی، بەرهەمی خوێن و خەباتی پێشمەرگە بووە و هۆکاری سەرەکیی بوونە لەوەی زۆربەی ئایینەکان بە ئاشتی لە هەرێمی کورستان بژین".

لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان درێغی نەکردووە بۆ پاڵپشتیکردن و دروستکردنی شوێنە ئایینییەکان، گوتیشی:"ئەو کڵێسایەی ئێستا لێی کۆبووینەتەوە بەشێکە لەو پاڵپشتیکردنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەرمەنەکان کە بەشێکی دانەبڕاون لە خەڵکی کوردستان".

ئامادەکردنی / کارزان حەیدەر

 

بۆ بینین و ئاگاداربوون لە نوێترین هەواڵ و زانیاری زیاتر فۆڵۆی چەناڵی کوردستان24 لە واتسئاپ بکە.