نۆ ساڵ بەسەر چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ تێدەپەڕێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

نۆ ساڵ بەسەر چوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ تێپەڕی، ئەو رۆژە پێشمەرگە زیاتر سەلماندییەوە کە پارێزەری هەر بستێکی خاکی کوردستانە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت.

نەورەس عەبدوڵڵا دیمەنەکان دووبارە دەخاتەوەڕوو، دەڵێت، "ئەم دیمەنانە ئەو راستییەیان دووپاتکردەوە کە هەندێ جار مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، دیمەنی گەیشتنی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ رزگارکردنی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لە ساڵی 2014، هاوشێوەی بەرگریکردنی بارزانی نەمر و پێشمەرگەکانی لە مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1947".

ئەو کاتەی پێشمەرگە لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی گەیشتە کۆبانێ، 85%ـی کۆبانێ لە دەستی داعشدا بوو، بەڵام بە گەیشتنی پێشمەرگە دۆخی شەڕ بەتەواوی گۆڕا.

هێزی پشتیوانی یەک وەک هێزێکی سەرەکی چوونی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ، رۆژی (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە هەولێر یادی نۆ ساڵەی ئەو داستانەیان کردەوە. ئەو رۆژە، هەموو کوردێکی ئەم جیهانە، شانازی زیاتری بە پێشمەرگەوە دەکرد. پێشمەرگە بوو بە ھێمای یەکبوون و یەک دۆز و یەک چارەنووس، خوێنی پێشمەرگە و شەڕڤانان بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان تێکەڵی یەک بوون.

بەهاناوەچوونی کۆبانێ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بێ قوربانی نەبوو. یەکەم شەهیدی کۆبانێ شەهید زێرەڤان مزووری بوو، لەو رێوڕەسمەدا نێچیرڤان مزووریی برای لەگەڵ هاوڕێیانی برا شەهیدەکەی ئامادەبوو، ئەو بە شانازییەوە بۆ ئەو خەبات و قوربانییەی براکەی دەڕوانێ.

150 پێشمەرگە وەک یەکەم کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رۆژی 28ـی تشرینی یەکەمی 2014، بەنێو خاکی تورکیادا تێپەڕین و گەیشتنە کۆبانێ، دواتر سێ کاروانی دیکە لەكاتی جیاجیادا رەوانەکران.

پێشوازیکردنی کوردان لە باشوورەوە، تا باکوور و رۆژئاوا لە کاروانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە هەڵبژاردەی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبوو، پەیامێکی دیکەی یەکگرتوویی نەتەوەیی بوو، بۆ رزگارکردنی کۆبانێش، هێزی پێشمەرگە بە یەک شەهید و چەندین بریندار قوربانیدا و دواتر بە سەرکەوتوویی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.