نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی سووتان لە هەولێر دروست دەکرێت
K24 - هەولێر
لە هەولێر بە گوژمەى زیاتر لە نـۆ ملیار دینار دەستدەکرێت بە دروستکردنى نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی سووتان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئۆکتۆبەری 2023، راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەم نزیکانە بە گوژمەی نزیکەی 9 ملیار و 200 ملیۆن دینار، دەستدەکرێت بە دروستکردنی "گەورەترین" نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی سووتان لە شاری هەولێر.
نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەکە لەسەر رووبەڕی 89،000 مەتر دووجا دروستدەکریت. وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا هەموو ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنى پڕۆژەکە تەواوبوون و "بەم نزیکانە دەخرێتە تەندەرە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە چوارچێوەى پەرەپێدان و خزمەتکردنى زیاترى کەرتى تەندروستى گشتیى لە پێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، لە ماوەی ساڵى ڕابردوودا بۆ نۆژەنکردنەوە، دابینکردنى پێداوییستی و ئامێری پزیشکی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیەکانى سنوورى پارێزگاکە، زیاتر لە دوو دوو ملیار دینار لە کەرتی تەندروستی خەرج کراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2023، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، پێنج هەزار و 594 نەخۆش سەردانی بەشی راوێژكاریی نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەریی جوانكارییان كردووە و، لەکۆی ئەو ژمارەیەش 66 کەس گیانیان لەدەستداوە.
145 نەخۆشخانەى حکومى و ئەهلى لە هەرێمی کوردستان هەن
له هه‌رێمی كوردستاندا 145 نەخۆشخانەى حکومى و ئەهلى هەن کە (83) نه‌خۆشخانه‌یان حكومی و (62) دانەشیان ئه‌هلین كه به‌رده‌وام خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی پێشكه‌ش بە هاووڵاتییان ده‌كه‌ن. نه‌خۆشخانه حكومییه‌كان به‌م شێوه‌یه دابه‌شبوونه‌ته سه‌ر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەكانی هه‌رێمی كوردستان:
ـ پارێزگای هەولێر: 27 نه‌خۆشخانه
ـ پارێزگای سلێمانی: 25 نه‌خۆشخانه
ـ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 15 نەخۆشخانە
ـ پارێزگاى هەڵەبجه: 5 نەخۆشخانە
ـ ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین: 7 نەخۆشخانە
ـ ئیداره‌ی سەربەخۆى گه‌رمیان: 7 نه‌خۆشخانه
ژمارەى نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش کە (62) دانەن، به‌م شێوه‌یه دابەشبوون:
ـ پارێزگای هه‌ولێر: 29 نەخۆشخانە
ـ پارێزگای سلێمانی: 16 نەخۆشخانە
ـ پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 11 نه‌خۆشخانه
ـ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه: 1 نه‌خۆشخانه
ـ ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپه‌ڕین: 2 نه‌خۆشخانه
ـ ئیداره‌ی سەربەخۆى گه‌رمیان: 3 نه‌خۆشخانه