تەندروستی جیهانی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ دەدات

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، پێشبینی بڵاوبوونەوەی پەتاییەکی نوێ دەکات و داوا لەخەڵک دەکات خۆیان ئامادە بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، پێشبینی دەکات لە داهاتوودا پەتاییەکی نوێ بڵاوببێتەوە.

بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، داوا لە خەڵک دەکات بەبێ ترس و پشتگوێخستن خۆیان ئامادە بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەکەی داهاتوو.

بە گوتەی تێدرۆس، ئەوەی لە ئێستادا زانایانی نیگەران کردووە، یەک پرسیارە، ئەویش ئەوەیە "کەی ئەمە روودەدات؟".

دەشڵێت: ناتوانین رێگە بدەین هەڵەکانی رابردوو دووبارە ببنەوە، بۆیە لە ئێستادا وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە دانوستاندان، هەروەها رێککەوتنێکی نوێ ئامادە دەکرێت، سەبارەت بە خۆپاراستن لە پەتا و ئامادەکاری و وەڵامدانەوە، هەروەها هەموارکردنەوەی رێسا تەندروستییەکان.

رەنگە پەتای داهاتوو لە(کۆڤید 19) خراپتر بێت، چونکە نەخۆشییە نوێیە، دەتوانێت بەشداری لە کەمکردنەوەی ژمارەی دانیشتوانی جیهان بکات.

لای خۆیەوە دکتۆر ڤلادیسلاڤ جیمچوگۆڤ پسپۆڕی بەرگری و نەخۆشییە درمەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت: هێشتا پەرەسەندنی میکرۆبەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بەردەوامە و ناوەستێت.