سەعدی پیرە: بەم نزیکانە لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە
سەعدی ئەحمەد پیرە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایەگەیاند، بەمنزیکانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی ناوخۆیی و ناوچەیی دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29 تشرینی یەکەمی 2023 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند: بەم نزیکانە لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە.

گوتیشی: "بەشێکی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی تایبەت دەبێت بە یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد، هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێـمی کوردستان و بەغدا دەبێت، هەروەها دۆخی ئاڵۆزی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان یەکێک دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەمان".

پێشتر سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم، کۆمەڵێک دۆسییەی ناوخۆیی و عێراقی هەن بڕیار وایە ئەم دوو حزبە گفتوگۆی لە بارەوە بکەن، ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە کراوە و ئەوەی ماوەتەوە دیاریکردنی وادەکەیەتی.

دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە 30ی تەممووزی 2023 لە سلێمانی ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکەدا رایانگەیاند، هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

پارتی و یەکێتی لەو راگەیەندراوە هاوبەشدا راشیگەیتاند: "بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت و هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین".