حکومەتی هەرێم هەزار هەلی کار لە پرۆژەکانی ئاژەڵداری و پەلەوەر دەڕەخسێنێت

لۆگۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
لۆگۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24-هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانیکردنی لە کەرتی کشتوکاڵی و پرۆژەکانی سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر کە به‌ به‌های ملیارێک دۆلارە، هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی دەڕەخسێنێت.

بە گوێره‌ی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە دوو هەزار پرۆژەی تایبەتی سامانی ئاژەڵ و پەلەوەر کراوە لە هەرێمی کوردستان.

راشیگه‌یاند، تەواوی ئەو پرۆژانە به‌به‌های ملیارێک دۆلارە و نزیکەی 60 هەزار هەلی کاری رەخساندووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووە، بە پشتیوانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەکانی پەلەوەر لە 11 پرۆژەوە بۆ 39 پرۆژە زیاد کرا، بەوەش رێژەی پرۆژەکان %266 زیادیکردووە و توانای بەرهەمهێنانیش بەرزبۆتەوە بۆ %149.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، پشتیوانیکردنی پرۆژەکانی پەلەوەر بووه‌تە هۆکاری زیادبوونی بەرهەمی هێلکە بە شێوەیەک پێشتر بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە سێ بۆ چوار هەزار کارتۆن بووە، بەڵام ئێستا رێژەی بەرهەمهێنانەکە بۆ 14  هەزار کارتۆن هێلکە زیادی کردووە، لە کاتێکدا بۆ خۆبژێوی هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 7 هەزار کارتۆن هێلکە هەیە، بەرهەمی زیادەش لە خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراق ساغ دەکرێنەوە، جگە لە گۆشتی مریشک کە پرۆژەکانی لە 510 پرۆژە بەرزکراوەتەوە بۆ هەزار و 908 پرۆژە، سەرباری ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە لە 135 هەزار تۆن بەرزبۆتەوە بۆ 265 هەزار تۆن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی تەنها بە 147 هەزار تۆنە، زیادەکەی رەوانەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت.

حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر روونیشیكرده‌وه‌، بە تەنیا پەلەوەر لە چوارچێوەی پلانەکانی نەبووە بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی، لە بەرهەمی سپیایدا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە پرۆژەکانی مانگای شیردەر دەکات، بە شێوەیەک پرۆژەکانی ئەو بوارەی لە 73 پرۆژەوە بۆ 88 پرۆژە زیادکرد و توانای بەرهەمهێنانیشی بەرزکردۆتەوە بۆ %78.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، پرۆژەی دابەستنی گۆلک لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا بووە، پێشتر تەنها 65 پرۆژە هەبوون، کەچی بە پشتیوانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەکانی ئەو بوارە زیادکران بۆ 103 پرۆژەی دابەستنی گۆلک، توانای بەرهەمهێنانیش لە 21  هەزارەوە بەرزبۆتەوە بۆ 98 هەزار سەر.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌، کەرتی کشتوکاڵ چەندین خزمەتی زیاتری ویستبێ ، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بۆ کراوە، لەگەڵ ئەویشدا نزیکەی 60 هەزار هەلی کاریان بە شێوەی راستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەو پرۆژانەدا ڕەخساندووە،ئەو سەرمایەشی بۆ پرۆژەکان خەرج کراوا نزیکەی ملیارێک دۆلارە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ بە فەرمانگای میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە:"ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، جگە لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی کوردستان لە ناوخۆ و باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کار بۆ دۆزینەوەی بازاری بەرهەمی کوردستان دەکات لە وڵاتانی دیکە.

کارزان حەیدەر