لەبارەی مووچەوە .. حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی خۆی دووپاتکردەوە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند نییە بە رێککەوتنەکان

هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی
هەردوو لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکان و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی دیکە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی دووپاتکردەوە لەپێناو چارەسەرکردنی ریشەیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دوای ئەوەی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (29ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023)، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، "ئه‌مڕۆ بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە)ـی مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد"، بەم هەنگاوەش جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو بیانووەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی بۆ ئەوەی چیتر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواتر نەخات.

هەروەها رۆژی شەممە (28ـی تشرینی یەکەمی 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغدا و ڕۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەبارەی مووچەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسەوباسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان، ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ دواکەوت.

هەفتەی رابردوو، باسم عه‌وادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، دوای تەواوکردنی تەمویلی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبه‌ران، وەزارەتی دارایی 700 ملیارەکەی هەرێم بۆ ئەم مانگە رەوانە دەکات و پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ کوردستان24 جەختی کردەوە کە هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دیناره‌كه‌ نییه‌، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵی قۆناغی دووەمی ناردنی 700 ملیار دینارەکەی جێبەجێ نەکردووە.

لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 لە رۆژی (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بەو رێککەوتنەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت مانگانە 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، تا یاسای بودجەی گشتی جێبەجێدەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، نەناردنی ئەو بڕە پارەیە لەکاتی خۆیدا زوڵمە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت".

لەلایەن خۆیەوە، محەممد شاکر، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، تەیف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر میزانی موراجه‌عه‌ی مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نه‌كرێت، 700 ملیاره‌كه‌ی مووچه‌ ره‌وانه‌ ناكه‌ن، له‌كاتێكدا پێشتر هه‌رێمی كوردستان میزانی موراجه‌عه‌ی شەش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی ناردووه‌، ئەمڕۆش وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو بیانووەشی بڕی و میزانی موراجه‌عه‌ی ئەو سێ مانگەی بۆ رەوانە کردن.

هاوکات دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغداوە رایگەیاند، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە تاوەکو ئێستا مووچەی هەموو وەزارەتە فیدراڵییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابیننەکراوە، بەتایبەتی مووچەی وەزارەتی تەندروستی تائێستا دابەشنەکراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وابڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بچێتەوە بەغدا و پرسی مووچە و بودجە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوتوێ بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆبوونەوەی رۆژی (25ـی تشرینی یەکەمی 2023)ـی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپارد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی رۆژی 10/18ـی لیژنەی دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیى راستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی هەرێم و بەغدا کرد، بە ئاراستەی خستنەڕووی راستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە ڕاست و دروستی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی هەرێم و گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی راسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی رێکاری پێویست بۆ تێبینی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاری و دارایی تاوەکوو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەهێڵرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و رۆژی دواتریش، بانکی رەشید 250 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و رۆژی (28ـی ئەیلوولی 2023)یش 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر ئەو هەژماری بانکییە.

دوای گەیشتنی قۆناغی یەکەمی بڕی 700 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستی پێکرد و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی هات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ (11ـی تشرینى یه‌كه‌مى 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ـی ئه‌مساڵ رایگه‌یاند، بڕی ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مانگانه‌ی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌، واته‌ مانگه‌كانی 7، 8 و 9ـی ئه‌مساڵ. گوتیشی، بۆ مانگه‌كانی 10، 11 و 12 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌رده‌وامن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش كرانه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتنێكی باش له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ مووچه‌یه‌كی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نه‌فه‌وتێت.