بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان: بۆ راوێژکردن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 119 بکەن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر رایدەگەیەنێت: هێڵی گەرمی 119 کارایە و هاووڵاتییان دەتوانن بۆ راوێژی کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاسایی دەتوانن پەیوەندی بکەن.

عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "رادیۆی یەکسانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزانی هەولێرە، بە پێویستمان زانی رادیۆیەک هەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر کاربکات و هۆشیاری بڵاوبکاتەوە، زیاتر لە ساڵێکە پەخشی رادیۆکە دەستیپێکردووە، 11 پڕۆگرامی جیاواز لە رادیۆکە پەخش دەکرێت".

گوتیشی: "هێڵی گەرمی 119ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزانییە بەبێ بەرامبەرە، بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە راوێژی کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاسایی هەیە، بۆ رێنماییەکانیش، جیاوازیمان نەکردووە لەنێوان رەگەزەکان هەرکەسێک پێویستی بە یارمەتی بووبێت، هاوکاری بووین، جگە لەو هێڵە پرۆگرامی 119شمان هەیە".

سەفین تاهیر، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو پڕۆگرامانەی لە رادیۆی یەکسان پەخش دەکرێن، بۆ هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیا، پڕۆگرامی ئایینی بۆ ئەوەی گەنجان شارەزای داب و نەریتەکانی ئایینی بن، جگە لەوەش بەرنامەی تایبەتمان هەیە لە رێگەی توێژەرەوە هاووڵاتییان لەو رووداوانە هۆشیار دەکرێنەوە بڵاو دەکەینەوە کە رۆژانە لە رێگەی سۆشیال میدیا روو دەدەن".

ئا: لاڤین عومەر