خانەنشینان گلەیی لە دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە دەکەن

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

خانەنشینان گلەیی لە دواکەوتنی مووچەکانیان دەکەن و دەڵێن: دۆخی داراییان خراپە و باری تەندرووستیان خراپە و پێویستییان بە چارەسەرە، بەڵام مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە دوادەکەوێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە دەست بە رێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیارەکە کراوە بۆ هەرێمی کوردستان.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 باس لە چیرۆکی مامۆستا سەدرەددین دەکات کە نزیکەی 17 ساڵە خانەنشینە و هەموو تەمەنی خۆی بە کەرتی پەروەردە بەخشیووە. ئێستا تەمەنی 83 ساڵە و کەچی دەبێ هێشتا چاوەڕێ بێ ئاخۆ بەغدا کەی مووچەکەی رەوانە دەکات.

بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەبێت مانگانە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام ئەمە مانگی دووەمە ناردنی ئەو بڕە پارەیە درەنگ دەکەوێت و لە وادەی خۆیدا نانێردرێت. بە بڕوای ئاشنا بابان، پسپۆڕی سیاسی کە بۆ کوردستان24 قسەی کرد و گوتی، بابەتی مووچە لە بەغدا بە سیاسی کراوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان بڕیارە لە نزیکترین کاتدا بڕی ئەو 700 ملیار دینارە لە رێی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقیەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.