رووناك دڵپاك: لە دوای جیهاد دڵپاك بەشداری كارێکی هونەریم كردووە

K24 – هەولێر:

رووناك دڵپاك هاوسەری هونەرمەندی كۆچكردوو جیهاد دڵپاك لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ کوردستان24 دەڵێت، هەركاتێك دەچمە سەر گۆڕەكەی پیاوێكی خەمخۆرم بیردەكەوێتەوە. دەشڵێت: لەوكاتەی كۆچی دوای كردووە نەیتوانیوە كاری هونەری بكات، تەنیا بەشداری یەك بەرهەمی كردووە بە ناوی فیلمی (ئالودە) ئەویش داوایان لێكردووە.

چۆن بوو بەشداری فیلمی ئالوودەتان كرد؟

بەهۆی مەرگی  جیهاد دڵپاكەوە ماوەیەكی زۆر بوو بەشداری فیلمم نەكردبوو، بەڵام لەماوەكانی رابردوودا كە لە فێستیڤاڵێكدا بەشداربووم سیروان محەممەد دەرهێنەری فیلمەكەم بینی داوایلێكردم بەشداری ئەم كارەبكەم وەك دایكێك منیش دەقەكەم خوێندەوە سیناریۆكەم بەدڵ بوو بڕیارمدا بەشداری بكەم و بەشداربووم.

چ كارێكی دیكەی نوێی هونەریتان بەدەستەوەیە؟

ماوەی چەند مانێك دەبێت بۆ كارێكی دیكەی فیلم كە لە دەرەوەی وڵات كاری وێنەگرتنی بۆ دەكرێت پێیان گوتووم، بەڵام تا ده‌قه‌كه‌ نەخوێنمەوە بڕیارنادەم و زیاتریشی لەسەر ناڵێم بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەوە یەكێك دەبێت لە كارە هونەرییە نوێیەكانم لەداهاتوودا.

مردنی دڵپاك چی لەو خێزانە كەمكردووەتەوە لەڕووی وزەو چالاكی هونەرییەوە؟

بەدڵنیایەوە جیهاد دڵپاك بەنەمری ماوەتەوە لەناو خێزانەكەیدا، بێگومان، كەلێنێكی گەورەی لەناو ماڵەكەی من ‌و هونەرەكەیدا دروستكردووە، ئەو تەنیا باوكێكی باش ‌و هاوسەرێكی باش نەبوو، هونەرمەنێكی گەورە و مەزنیش بوو، جێگای زۆر دیارە بەنەمانی، كەلێنێكی گەورەی بۆ دروستكردووین.

هاوڕێكانی بەسەرتان دەكەنەوە؟

ئەمەیان خەمێكی قوڵە، چونكە جیهاد دڵپاك دڵسۆز و خەمخۆری هونەرمەندان بوو، هەمیشە بەدوای هونەرمەندانەوە بوو، كێشەكانی بۆ چارەسەر دەكردن، ئەگەر نانێكمان هەبوایە لەگەڵ ئەواندا دەیكرد بەدوو لەتەوە، پێی دەگوتین ئەم نانە نابێت تەنیا هەر ئێمە بیخۆین، دەبێت ئەوانیش بیخۆن، ئەوانیش وەك ئێمە هەیان بێت، بەڵام زۆر بەداخەوە هونەرمەندان، ئەویان بیرچوە، بەرامبەر جیهاد دڵپاك دڵسۆز نەبوون، جیهاد دڵپاك بەو هەموو دڵسۆزیەوە بۆ هاوڕێكانی، بەڵام هاوڕێكانی وەها نەبوون، بیریشمان نەچێت گلەیم لە هونەرمەندانی كەركوك نییە.

بۆچی ماوەیەكی زۆر دەرناكەوتیت لەنێو كارە هونەریەكاندا؟

لەدوایی جیهاد دڵپاك نەمدەتوانی بەشداری هیچ كارێكی هونەری بكەم، بۆ ئەم فیلمە نوێیە نەبێت بەناوی ئالوودە بەشداری هیچ كارێكی هونەریم نەكردوە، چاوم بەرایی نەدەهات لە دوای مردنی ئەو هیچ كارێكی هونەری بكەم.

خەونی جیهاد دڵپاك پێش مردنی چی بوو، كە بەردەوام دووبارەی كردبێتەوە؟

زۆرترین خەونی بۆ كەركووك بوو، لە نەخۆشخانە بە منی گوت: خۆزگە نەدەمردم، ئەگەر مەرگ ڕێگەی پێبدامایە، چونكە دەزانم دەمرم، بەس خۆزگە نەدەمردم، تا خزمەتێكی جوانی كەركوك بكەم، من خۆم بەقەرزاری ئەو شارە دەزانم، دوا پڕۆژەشی كارێك بوو بۆ هونەرمەند عەلی مەردان، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی بیكات.

 زۆرتر هیوای بە كام لە كچەكانی بوو ببێتە ئەكتەرێكی سەرکەوتوو؟

جیهاد دڵپاك گوتی: دوایی خۆم سۆلینی كچم دەبێت بە ئەكتەرێكی زۆرباش وە جێگەی خۆم دەگرێتەوە، ئەمەش سەلمێنراوە لە لای زۆربەی هونەرمەندان سەلماندویەتی، كە جێگەیەكی تایبەتی هەیە لە ناو كاری هونەری نواندن دا.

بڕیاربوو بەشێكی دیكەی گەردەلوول بەرهەم بهێندرێت ‌و ئێوەش رۆڵتان تێدابینی بوو، قسەتان لەگەڵ نەكراوە لەو بارەیەوە، دەتەوێت رۆڵ ببینیتەوە تێیدا؟

لەدرامای گەردەلولیشدا ئەوكاتەی بڕیاردرا بەشداربین بەشداربووین، دوای نەمانی جیهاد دڵپاك، لەسەر بەشداریمان هیچان پێنە گوتووم، هیچیش باس نەكراوە، نەخۆم نە؟منداڵەكان هیچمان باس نەكردووە، جیهاد دڵپاك ‌و خۆم پەیوەندییەكی باشمان، لەگەڵ جەلیل زەنگەنەدا هەبووە، ئەو یەكێكە لەكەسە دڵسۆزەكان بەرامبەر بەئێمە و جیهاد دڵپاك.

هەرجارێك بچیتە سەرگۆڕی دڵپاك، چ یادگارێکت بیر دێتەوە؟

هەر كاتێك بچمە سەر گۆڕی جیهاد دڵپاك، ئایا خۆم بم یان منداڵەكان، نەك لەسەر گۆڕەكەی، هەمووكات یادەوەریەكانی جیهاد لە لای من زیندەوە و دەمێنێتەوە، واتا تەنیا لەسەر گۆڕەكەی نابێت، كە دەچمە سەر گۆڕەكەشی پیاوە چاكە دڵۆزەكەم بیردێتەوە ئەوەندەی، كە من دەڕوخێنێت، چونكە ئەو باك ‌و هاوسەرێكی چاك ‌و بەبەزەی بوو، لە هەمان كاتدا هاوکارێکی زۆر باش بوو.

بەكام هونەرمەندی بیانی ‌و جیهانی سەرسامیت ‌و جەزدەكەی وەك ئەو بیت؟

لە هونەرمەندی بیانیدا ئەنجیلینا جولیم زۆر بەدڵە، حەزم دەكرد منیش بەردەوام رۆڵی وەها ببینم، ڕۆڵەكانم زیاتر ئەكشن بوایە و لە فیلمی ئەكشندا بەشداریم بكردایە، ئەوە خولیای من بوو.

هونەر لە جیهاد دڵپاكەوە پەڕییەوە بۆتۆ یان بۆخۆت لەسەرەتای ناسینی ئەوەوە هونەری نواندنت خۆشدەویست؟

كاری هونەری لە جیهاد دڵپاكەوە نەپەڕیوەتە سەرمن، من هەر لەمنداڵییەوە، كە خوێندكاری سەرەتای بووم، بەشداریم كردووە لەچالاكی هونەریدا، لەبەرئەوەی ئەوە خولیای خۆم بووە حەزم لێی بوە، ئەو خولیایە لەخۆمدا بووە، بەڵام جیهاد دڵپاك پردێك بوو بۆ پەڕینەوەی من بۆ كارە هونەریەكانم، ئەگەر ئەو نەبوایە من نەمدەتوانی بەشداری بكەم بەوجۆرە، چونكە سەرەتا خێزانەكەم نەیاندەهێشت بەشداری كاری هونەری بكەم، جیهاد لدَپاك ئەو ڕێگایەی بۆ واڵا كردم پاڵپشتم بوو، یارمەتی دام، تا لەكاری هونەریدا بەردەوام بم.

خەونی چیت هەیە بۆ منداڵەكانت؟

بۆ منداڵەكانم هیوا خوازم هەر بەردەوام بن لەكاری هونەری، خاوەنی سێ‌ كوڕ و دوو كچم، چواریان بەشداری هونەری میلی دەكەن، سیانیان وەك ڕاهێنەر كاردەكەن، یەكیان وەك دەرهێنەریش كاردەكات، دڵم پێیان خۆشە لەسەر ڕێگای باوكیان بەردەوامن.