لوبنان: ئیسرائیل زیاتر لە 40 هەزار دار زەیتوونی سووتاندووە

K24 - هەولێر

وەزیری کشتوکاڵی لوبنان رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 40 هەزار دار زەیتوونی کۆنی لە باشووری وڵاتەکە سووتاندووە، دەشڵێت: سکاڵایان لێدەکەین لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

وەزیری کشتوکاڵی لوبنان، عەباس حاجی حەسەن، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،" سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 40 هەزار دار زەیتوونی کۆنی لە باشووری وڵاتەکە بە بۆمبی قەدەغەکراوی فۆسفۆری سپی سووتاندووە".

دەشڵێت: "حکومەتی لوبنان سکاڵا  پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دڕندەیی ئیسرائیل و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری لوبنان".

گوتیشی: پێداگری دەکەین لەسەر مافی گەلی لوبنان بۆ بەرگریکردن لە زێدی خۆیان کە هەموو خولەکێک لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە سەروەرییان پێشێل دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیلی بۆمبی فسفۆر و گوللـەی سووتێنەری فڕداوەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی سووتانی ناوچە دارستانە گەورەکان لە باشووری لوبنان.

بەرگری شارستانی لوبنان رایگەیاند، "ئەستەمە بتوانین کۆنترۆڵی ئەو ئاگرانەی کە لە دارستانەکانی "ئەل لبونە" بکەن بەهۆی ناڕێکی رێگاوبانەکان و خێرایی بایەکانەوە، ئەمە جگە لەو مەترسییەی کە لە ئەنجامی مینەکانەوە دروست دەبێت".

نەبییە بەڕی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەوە گوتی: سیاسەتی سوتاندنی زەوی بەرنامەی ئیسرائیلە، کە لە ئاستی سەربازی و سیاسییەوە دژی بەرد و خەڵکی کەرتی غەززە پەیڕەو دەکات.

لەدوای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا، چەند جارێک سنوورەکانی لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە، بەگوتەی وڵاتەکە حزبوڵڵا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل.