کوردستان24 بووەتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو بۆ ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان

ھەشت ساڵ به‌سه‌ر كاركردنی كوردستان24 تێده‌په‌ڕێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ ھەشت ساڵ به‌سه‌ر كاركردنی كوردستان24 تێده‌په‌ڕێت، دامەزراوەی کوردستان24 كە لە 31ی تشرینی یەكەمی 2015 دامەزراوە، لە ریگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن، پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییەکاندا بکات. له‌و ماوەیەدا زۆرترین رووماڵی له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا، ئه‌نجامداوه‌.

كوردستان24، وه‌ك هه‌ڵگری په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆیی، توانیویه‌تی زۆرترین كاره‌كانی بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخان بكات، له‌ ته‌واوی هه‌واڵه‌كان و پرۆگرامه‌كانیدا ره‌نگبداته‌وه‌.

دامەزراوەی كوردستان24 متمانەی بینەر، بیسەر و خوێنەرەكانی بەلاوە گرنگە و میدیاكارەكانی بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵانە مامەڵە دەكەن، هەر بۆیە وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی ناسراوە و رۆڵ و كاریگەریەكەشی بەرچاو بووە، کوردستان24 لەم ماوەیەدا توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

ئامانجی گەورەی کوردستان24 راستگۆییە لەگەڵ بینەر، خوێنەر و بیسەرانی، رەنگە ستافی هەواڵساز و پەیامنێران دەستیان بە هەموو راستییەکان نەگات، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەوەی دەیخەنە بەردیدی بینەرانی راست و دروست وەكو خۆی بێت.

كوردستان24 لە ماوەی ھەشت ساڵی كاركردنیدا، توانیویەتی لەڕێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێرانی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، عێراق، توركیا، رووسیا، وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئامادەییەكی بەرچاوی هەبێت، نەك تەنیا لە هەواڵەكانی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكو زۆرجار لە گواستنەوەی هەواڵی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكەش رۆڵێكی گرنگی گێراوە و بووەتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، بۆیە زۆرجار ئاژانسە بەناوبانگەكانی تایبەتمەند بە هەواڵ، پشت بە وێنە و ڤیدیۆكانی كوردستان24 دەبەستن.

کوردستان24 هاوسه‌نگیی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات. كولتووری لێبوردەیی، پێكه‌وه‌ژیان، ئاشتەوایی، دیموكراسی، دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، ھەروەھا بڵاوکردنەوەی كولتووری ژینگه‌پارێزی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئینتمای تاك بۆ خاك و نیشتمان، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی كاری كوردستان 24ە..

كوردستان24 مافی راده‌ربڕین بۆ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌، به‌ جیاوازی فیكری و ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كات، هەروەها پەرە بە بیری سەربەخۆیی لە كوردستان دەدات. وەكو میدیایەكی ھاوچەرخ لە كاركردندا پشتی بە پرانسیپە پیشەییەكانی رۆژنامەوانی بەستووە و بە ئامرازو تەكنەلۆژیایەكی ھاوچەرخ كاردەكات و لە پەیام و گوتاریشيدا بنەما نیشتمانی و ئامانجەكانی گەلی كوردستان رەنگیداوەتەوە.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بەگوتەی ھاووڵاتییان لە ماوەیەکی کورتدا توانیی ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری راست و دروست لەسەر رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، زۆرجاریش بووه‌تە سەرچاوە بۆ میدیای جیھانی.

ھەر لەسەر راستگۆییەكانی و پرەنسیپە نیشتمانییەكانی چەندین جار پەلاماری دراوە و كراوەتە ئامانج، بەڵام وێڕای ھەموو ئەو ھێرش و پەلامار و گوشارانەی لەسەرێتی، لە كاری پیشەییانەی خۆی بەردەوامە و ئەو سەكۆ میدیاییە دەبێت كە كوردستانیان و ھەموو جیھان راستیەكانی تێدا دەبیننەوە، ئەم گوشارانە ھانی دەدەن تا لە رەوتی كاركردنی پیشەییانەی بەردەوام بێت.