وەزیری ئەوقاف و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکەن

کوردستان24
کوردستان24

K24 - هەولێر

بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کورستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر، نووسەر و کارمەندانی دامەزراوەکە دەکەن.

پشتیوان سادق پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەی گشتی و کارمەندانی کوردستان24 دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەبۆنەی ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە دهۆک، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و میدیاکارانی کوردستان24 کرد.

پشتیوان سادق دەڵێت، کوردستان24 "جیا لە بەجێگەیاندنی پیشەی میدیایی و گواستنەوەی ھەواڵ و رووداوەکان لەسەر بنەمای بەرپرسیاریەتی و نیشتمانی، بووەتە سەرچاوەی ڕاستەقیەنەی میدیاکان لەسەر ئاستی جیھان ونیشاندانی پێشھاتەکان، ئومێدەوارین ساڵی نوێی کارکردنتان بە بەخشی زیاتر و پڕۆژە و داھێنانەکانتان لەخزمەتی بەرەو پێشتربردنی میدیای کوردستانی فراوانتر بکەن".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2023، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ھەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی، دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتی و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، "کوردستان24 کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕەپانی کوردستانی هەبووە، سەرەتا لە شەڕی تیرۆریستان، بەتایبەت ئەو رووماڵەی لەکاتی شەڕەکە کردوویەتی" و دەڵێت، "کوردستان24 جێگەی شانازی ئێمەیە و هیوادارین هەمیشە سەرکەوتووبێت".

دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 تێدەپەڕێت، کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

کوردستان24 كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتەوایی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان. كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگه‌پارێزی، پەروەردەیەكی تەندروست، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئینتیمای تاك بۆ خاك و نیشتمان.

كوردستان24 مافی راده‌ربڕین بۆ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌، به‌ جیاوازی فیكری و ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كات، هەروەها پەرە بە بیری سەربەخۆیی لە كوردستان دەدات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.