وەزارەتی خوێندنی باڵا داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەکات

نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ، کۆلیژی زانکۆیی و پەیمانگە تایبەتەکان بکات.

بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاریی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ژمارە (1397) لە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی کردووە، بڕیاریداوە بە کەمکردەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ، کۆلیژە زانکۆیی و پەیمانگە تایبەتەکان.

لە فەرمانەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە بە کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکەتان بە رێژەی 10% لەو زانکۆیانەی لە دوایین پرۆسەی ریزبەندی نیشتمانی زانکۆکان لە گرووپی (B)ـین.

هەروەها ئەو زانکۆ تایبەتانەی لە گرووپی (C)ـین بە رێژەی 15% و زانکۆ تایبەتەکانی گرووپی (D)ـین بە رێژەی 20% کرێی خوێندنیان کەمدەکرێتەوە بۆ ئەمساڵی خوێندن.

هاوکات لە کۆلیژە زانکۆییەکان و پەیمانگە تایبەتەکان، بڕیاردراوە بە رێژەی 20% کرێی خوێندن کەمبکرێتەوە.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە (10)ـی ساڵی 2020 کە لە (12-10-2020) و (22-11-2020) ئەنجامدراوە، دەرکراوە.