مۆندیالی 2034 لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت

سعوودیە مۆندیال 2034
سعوودیە مۆندیال 2034

K24 – هەولێر:

سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بەشێوەیەکی فەرمی ئاشکرای کرد، سعوودیە تاکە پاڵێوراوە بۆ پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034 بۆیە بە فەرمی یاریگاکانی سعوودیە یارییەکانی ئەو مۆندیالە لەخۆدەگرن.

رۆژی سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند، یارییەکانی جامی جیهانی 2034 لە ئاسیا لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی فیفا ئاماژەی بەوەکردووە، سێ پاڵەوانییەتی جامی جیهانی داهاتوو لە پێنج کیشوەر و 10 وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وادەکات تۆپی پێ بەشێوەیەکی راستەقینە بکاتە جیهانی.

بەپێی رێکارەکانی فیفا، تا (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) ناسنامەی ئەو وڵاتانە ئاشکرا دەکرێت کە رکابەری دەکەن لەسەر پێشوازیکردن لە یارییەکانی مۆندیالی 2034 و پێشکەشکردنی دۆسیەی کۆتاییش لە لە مانگی تەمموزی 2024 دەبێت و لە کۆتایی ساڵی داهاتووش، فیفا بڕیاری کۆتایی خۆی بدات لە دیاریکردنی ئەو وڵاتەی مۆندیالی 2034ـی تێدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی سعوودیە تاکە وڵاتە دۆسیەی پێشوازیکردنی پێشکەشکردووە، بەبێ ئەو رێکارانە بووە براوەی لەخۆگرتنی مۆندیال.

بەگوێرەی بڕیارەکانی فیفا، یارییەکانی مۆندیالی 2034 کە لەلایەن ئەو رێکراوە نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە یەکێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسیا بەڕێوەبچێت، کە بەپێی سیستمی نوێی فیفا، 48 هەڵبژاردە بەسەر 16 گرووپدا دابەشدەبن و 32 هەڵبژاردە سەردەکەون بۆ قۆناغی دووەم.

هاوکات مۆندیالی 2030 وابڕیارە لە شەش و وڵات و سێ کیشوەری جیاوازدا بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی فیفا رایگەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی یەکەم مۆندیال یەکەم یاری هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین، ئۆرەگوای و پارەگوای لەسەر خاکی خۆیان ئەنجام بدرێت و دواتر تەواوی یارییەکانی دیکەی مۆندیال لە وڵاتانی پرتوگال، ئیسپانیا و مەغریب بەڕێوەدەچن.

لەبارەی مۆندیالی 2026ـیش، وابڕیارە بۆ یەکەمینجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە 11ـی تەمموزی 2026 دەستپێبکات کە یارییەکان لە 16 شاری جیاوازی وڵاتەکانی ئەمەریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچن.

دوایین مۆندیالیش، کە مۆندیالی 2022 بوو لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەچوو کە لە یاریی کۆتایی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسای بردەوە و جامەکەی بەرزکردەوە.

یەکەم پاڵەوانییەتی مۆندیال لە ساڵی 1930 لە وڵاتی ئۆرەگوای بەڕێوەچوو بە بەشداری 13 هەڵبژاردە کە هەڵبژاردەی ئۆرەگوای جامەکەی بەدەستهێنا کە سەرجەم یارییەکان لە سێ یاریگای شارێکی ئەو وڵاتە ئەنجامدران.