ناتانیاهۆ: جەنگ لە غەززە بەردەوامە و سوپاکەشمان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند، جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی سەرکەوتوو دەبن.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، شەڕ لە غەززە بەردەوامە و سوپای ئیسرائیلیش زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ناوبراو دەڵێت:شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی سەرکەوتوو دەبن.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشدا، لە ئۆپەراسیۆنەکەیان لە باکووری غەززە پێشڕەویان کردووە، بەڵام زیانێکی زۆریش بەر هێزەکانیان کەوتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە (1ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزیری بەرگری ئیسرائیل، رایگەیاند، "کوژرانی سەربازی ئیسرائیلی لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە غەززە، سەخت و بە ئازارە. بەداخەوە، سەرکەوتنی گەورە لەناو جەرگەی غەززە باجێکی گەورەی دەوێت، ئێمەش نرخی ئەو باجە دەدەین".

ئاماژە بەوەشکردووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023)، 12 سەربازی ئیسرائیل کوژراون، چوار سەربازی دیکەش بەسەختی برینداربوون.

بەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و لە وەڵامدا ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەمینی دەستپێکرد، بەپێی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 هاووڵاتی ئیسرائیلی کوژراون، ژماره‌ی كوژراوانی فەڵەستینییەکانیش لە کەرتی غه‌ززه‌ گه‌یشتووەتە‌ 8796 كه‌س، كه‌ له‌نێو كوژراوه‌كاندا 3457 كه‌سیان منداڵن.