چنار سەعد عەبدوڵڵا: پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی ئامادەیە

چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان
چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی، رایدەگەیەنێت، لە ئایندەیەکی نزیك پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، هەروەها پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئامادەیە، هاوکات گوتیشی: ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت بە نزیکترین کات کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا پارتی سەرقاڵی هەندێک بابەتی گرنگە کە پەیوەندی بە ناوخۆی پارتی و خۆڕێکخستنەوە و دووبارە دانانی پلانی کارکردن بۆ زۆربەی دامەزراوەکانی هەیە، لەلایکی دیکەوە پارتی سەرقاڵی دوو هەڵبژاردنە، یەکەمیان هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، دووەمیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

راشیگەیاند، لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ئامادەباشی هەیە بۆ ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لەو نزیکانە کۆبوونەوەکە ئەنجامبدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسە کۆمەڵێک پرسی چارەنووسساز، وێرای هەبوونی کێشەی نێوانیان بەڵام کۆبوونەوەی نێوانیان هەر بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی هەم ئاشتەوایی لە ناوخۆ بەرقەرار بێت، هەم  ئەو پرسانە چارەسەر بکرێت کە لە نێوانیان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، هاوکات ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی زیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: پارتی ئامادەیی هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، هەروەها نابێت بیانوو بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دروست بکرێت، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی کۆبێتەوە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا،  لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، گوتی: سروشتی بانگەشەی هەڵبژاردن وایە کە نزیک دەبێتەوە لە کۆتا ساتەکان کێبڕکێکە توندتر دەبێت ئەوەش شتێکی سروشتییە لە هەموو جیهان هەیە، راستە لەگەڵ یەکێتی رکابەری دەکەین لەسەر بدەستهێنانی زۆترین کورسی بە تایبەت لە پارێزگای کەرکووک، بەڵام مانای ئەوە نییە کە دووبارە دانەنیشینەوە و دووبارە رێکنەکەوین، بۆیە دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن نەگاتە ئەو ئاستەی ئێمە زیان لە پرسە نیشتمانییەکان بدەین.

گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم ئامادەیە  گفتوگۆ بکات نەک تەنیا لەگەڵ یەکێتی بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کە لەو ناوچانە باڵادەستن.

بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، بەپێی راپرسییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆترین کورسی بەدەستدەهێنێت و وەک حزبی ژمارە یەک لە کوردستان دەمێنێتەوە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو، پارتی هیچ کاتێک خۆی لە بەرپرسیارەتی نادزێتەوە ئەمەش نهێنی بەهێزمانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.

لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، بەرپرسی مەکتەبی دیراساتی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، پارتی زۆر بە هەستیاری و هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییەکان و ململانێکان دەکات، چونکە پارتی بەرپرسە بەرامبەر بە پاراستنی ئەم هەرێمە، هەروەها پارتی هەوڵدەدات تێکەڵی ئەو ململانێیانە نەبێت کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. گوتیشی:" ئەرکی سەرشانمان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانمانە".