250 ملیار دیناری دیکەی مووچەخۆران گەیشت

K24 – هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، 250 ملیار دیناری دیکەی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی، ئاشکرای کرد: "کەمێک لەمەوبەر 250 ملیار دیناری دیکە لە رێگەی بانکی رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندبوو: "بڕی 200 ملیار دینار لەلایەن بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. رۆژی شەممە 4/11/2023 لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و رۆژی پێنجشەممە 9/11/2023 کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت".