سەردانەکەی ماکرۆن بۆ هەولێر و بەغدا دواخرا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا (وێنە: Khalid Mohammed/AP)
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا (وێنە: Khalid Mohammed/AP)

K24 - هەولێر

سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەولێر و بەغدا "بۆ کاتێکی نادیار" دواخرا و، راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هۆکارەکەی بۆ "بارودۆخی ئێستای ناوچەکە " دەگەڕێنێتەوە.

فەرهاد عەلائەددین، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (فرانس پرێس)ـی راگەیاند، "سێیەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ سەقامگیریی هەرێمی" کە بڕیار وابوو کۆتایی ئەم مانگە، بە بەشداریی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڕێوەبچێت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆکاری دواخستنی کۆنگرەی بەغدای بۆ "رووداوەکانی ئێستای ناوچەکە و بەتایبەت شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و، چڕکردنەوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین" گەڕاندووەتەوە.

وابڕیاربوو سێیەمین کۆنفرانسی بەغدا لە کۆتایی ئەم مانگە بە بەشداریی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە بە ئامانجی "یەکخستنی ئەجێندای هەرێمی بۆ پشتیوانیکردن لە سەروەریی عێراق" بەڕێوەبچێت. کۆنگرەی یەکەمی بەغدا لە ساڵی 2021 لە عێراق و، دووەمین کۆنگرەش ساڵی رابردوو لە ئوردن بەڕێوەچوو.

ماکرۆن بۆ کوردستان24: بۆ پشتیوانی لە سەروەری عێراق بەشداری لە کۆنگرەی بەغدا دەکەم

رۆژی هەینی 6ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وەڵامی پرسیارێکی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتی: "لە سەردانەکەم بۆ عێراق لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین".

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "ناسەقامگیری عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی پەنابەری زۆر لەعێراقەوە روو لە ئەوروپا بکەن" و ئەوەی خستەڕوو، "بۆ پشتیوانی لە سەروەری عێراق بەشداری لە کۆنگرەی بەغدا دەکەم، هەروەها کار بۆ سەقامگیری ئاسایشی عێراق و تەواوی ناوچەکە دەکەین."

سەردانی ساڵی 2021ـی ماکرۆن بۆ عێراق

لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی 2021،  ئیمانوێل ماکرۆن بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی یەکەمی بەغدا سەردانی عێراقی کرد و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و، بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پاریسی کرد و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئیلیزێ) پێشوازی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەندین تەوەریان تاوتوێ کرد، بەتایبەت پەیوەندییە مێژووییەکانی هەولێر و پاریس.