رێژهی تووشبوون به شێرپهنجه له ههرێمی كوردستان له پێوهری جیهانی كهمتره
K24 - هەولێر:
سەرۆکی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کورستان ئاشکرای دەکات، رێژەی تووشبوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پێوەری جیهانی کەمترە، ئاماژه بهوهش دهكات له ماوهی شهش مانگی یهكهمی ئهمساڵدا زیاتر له چوار ههزار نەخۆشی شیرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوه.
ئهمڕۆ (پێنجشهممه 2ـی تشرینی دووهمی 2023) چنار سنجاوی، سەرۆکی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، رێژەی تووشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە پێوەری جیهانی کەمترە. ئاماژهی بهوهش كردووه، ساڵی 2022 نۆ هەزار و 61 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، بە شێوەیەک رۆژانە 32 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراوه.
سەرۆکی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە ههروهها باسی لهوهش كردووه، ساڵی رابردوو چوار هەزار و 304 هاووڵاتی لە هەولێر تووشی نەخۆشی شیرپەنجە بوون، لە پارێزگای سلێمانیش سێ هەزار و 323 کەس و لە دهۆک هەزار و 434 کەس. روونیشیكردووهتهوه، بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک، کۆلۆن، سییەکان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوکیمیا و مێشک و منداڵدانن. گوتووشیهتی، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت کە رێژەی 23%ـی لە کۆی نەخۆشانی دیکەی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێ، دوای ئەو تووشبووانی شێرپەنجەی کۆلۆن و سییەکان دێن.
چنار سنجاوی سەرۆکی ئاماژەی بەوە کردووه، ڕێژەی تووشبوونی ئافرەتان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە پیاوان زیاترە، بە شێوەیەک ئافرهتان رێژهی 56% پێكدههێنن، لهو كاتهی پیاوان 44% پێكدههێنن.
سەرۆکی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە ئاماری 10 ساڵی رابردووی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، زیاتر لە 71 هەزار 74 نهخۆش تۆمارکراون، بەپێی ئامارەکە رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە خوار رێژەی ستانداردی جیهانییە، بە شێوەیەک لە جیهان بۆ هەر 100 هەزار کەس،190 کەش تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، 151 کەس تووشی ئهو نهخۆشییه دهبن.
ئەو بەرپرسەی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، رۆژانە 30 بۆ 35 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی شێرپەنجە دەبن، بە پێی زانیارییەکانی ئەو کە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گەیاندووە، لە 1ـی کانوونی دووەمی ئهمساڵ تاوهكوو 30 حوزەیران، کە دەکاتە شەش مانگ، چوار هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوونه، لەو ژمارەیەش نزیکەی هەزار و 800 کەس لە هەولێر و هەزار و 500 لە سلێمانی و 700 کەس لە دهۆک و به رێژهی 56% له ئافرهتان و 44% له پیاوان لە هەولێر تووشی شێرپەنجە بوونه، بەوەش رێژەی تووشبوونی ئافرەتان لە پیاوان زیاترە، جۆری شێرپەنجەی هەردوو ڕەگەزەکەش، شێرپەنجەی مەمک و کۆلۆن و سییەکانن.
بە پێی زانیارییەکان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 258 ملیار و 403 ملیۆن و 637 دیناری بۆ دەرمان و پێداویستی و ئامێری پزیشکی و نهخۆشخانەکان خەرج کردووە ،تووشبووانی شێرپەنجە لە هەشت نەخۆشخانە و سەنتەری تایبەت بە شێرپەنجە چارەسەری وەردەگرن، بۆ ئەوەش سێ بنکەی چارەسەری لە هەولێر و سێ بنکە لە سلێمانی و دوو بنکە لە دهۆک تەرخانکراون.
ئەو ئامارەی سەرۆکی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە رایگەیاند، هۆشداریەکە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوەی بە وریایی چاودێری تەندروستی خۆیان بکەن و پشکنین ئەنجام بدەن بەر لە تووشبوون، وەک ئەو ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو 91 هەزار و 722 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەیان وەرگرتووە، ئەوانەشی بۆ چارەسەری رەوانەی دەرەوەی وڵات کراون 391 نەخۆش بوونه.
کارزان حەیدەر