ئه‌مڕۆ نه‌سروڵڵا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی جه‌نگی حه‌ماس - ئیسرائیل راده‌گه‌یه‌نێت
K24 – هەولێر:
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نزیك له میدیاكانی حزبوڵڵای لوبنانی و میدیا عه‌ره‌بییه‌كان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی 3ـی تشرینی دووه‌می 2023، حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا رێبه‌ری حزبوڵڵای لوبنانی، گوتارێك بۆ راگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی جه‌نگی حه‌ماس - ئیسرائیل بڵاوده‌كاته‌وه.
له سه‌روبه‌ندی چاوه‌ڕێكردنی گوتاره‌كه‌ی نه‌سروڵڵا، له سنووری لوبنان – ئیسرائیل ئاڵۆزییه‌كان په‌ره‌یان سه‌ندووه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل به‌رده‌وامه.
گوتاره‌كه‌ی رێبه‌ری حزبوڵڵا له‌میانه‌ی ئاهه‌نگێكی جه‌ماوه‌ری له باشووری لوبنان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ رێزگرتن له‌و چه‌كدارانه‌ی كه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل جه‌نگاون.
له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی جه‌نگی ئیسرائیل و حه‌ماس، له‌سه‌ر سنووری لوبنان، 70 كه‌س كوژراون و كه 52یان چه‌كداری حزبوڵڵان.
چاودێرانی سیاسی لوبنانی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، هیچ پاساوێك بۆ تێوه‌گلانی لوبنان له‌و شه‌ڕه‌دا نییه، ته‌نیا وێرانكردنی ئه‌و وڵاته نه‌بێت.
ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، كه بڕیاری راگه‌یاندنی جه‌نگ له لایه‌ن حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵاوه، به‌ده‌ستی ئێرانه‌وه‌یه، كه به‌ره‌یه‌كی مقاوه‌مه‌ی دژی ئیسرائیل له سووریا، عێراق، یه‌مه‌ن و لوبنان پێكهێناوه.
دوای ئەوەی رۆژی (7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کردووه، كه تاكو ئێستا 1400 ئیسرائیلی له‌میانه‌ی ئه‌و ئاڵۆزییه‌دا كوژراون و مه‌ترسی ئه‌وه ده‌كرێت شه‌ڕه‌كه له ناوچه‌كه‌دا فراوان بێت.