رۆژی دووه‌می فێستیڤاڵی هه‌نار و پایز له‌هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وامه‌

K24 - هەولێر:

دووەم رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییز لە هەڵەبجە بەرێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆری گەشتیاریش بۆ سەردانیکردنی فێستیڤاڵەکە روویا لە هەڵەبجە کردووە.

چیا قاسم بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

ئاشکراشی دەکات، بەشێك لە گەشتیارەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە فێستیڤاڵەکە.  

رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، کاتژمێر 10:00 نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بە بەشداریی 600 جووتیار دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران دابینکراون.

نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لە هەڵەبجەیە. لە فێستیڤاڵەکەی ئەمجارەدا، جگە لە هەنار؛ خواردنە کوردەوارییەکان، دۆشاو، سرکە، هەنگوین، گوێزی هەورامان، توو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە پیشان دەدرێن.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە کولتوورە جوانەکانی هەڵەبجە و نۆیەمین ساڵە بەردەوامە. دوو مەبەستمان لە پشتییەوە هەیە؛ یەکەمیان، پیشاندانی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە جوانەی جووتیارانی هەڵەبجە، شارەزوو و هەورامان و بە بازاڕکردنیانە و، ئامانجی دووەمیشمان، پتەوکردنی پەیوەندییە کەلتوورییەکانە. واتا فێستیڤاڵەکە دوو رەهەندی هەیە؛ ئابووری، بووژانەوە و قوتی خەڵک و، ئاڵوگۆڕی کەلتووریی".

لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەمەکەیان بە رێژەی سەدا 100 بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەمی هەناریان دەبێت.