ئەردۆغان: ئەولەویەتی ئێستا لە شەڕی غەززە ئاگربەستی تەواوەتییە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەولەویەتی ئێستا لە شەڕی کەرتی غەززە ئاگربەستی تەواوەتییە.

کەناڵی "تی ئاڕ تی" تورکیا لە زاری ئەردۆغانەوە، لە میانی کۆنفرانسێکدا لە ئاستانە رایگەیاندووە، "کۆتاییهێنان بە شەڕ لە کەرتی غەززە بۆ هەموومان گرنگە، دەبێت رۆڵی نێوەندگیری ببینین بۆ ئەوەی کۆتایی پێبهێنین".

گوتیشی: لە غەززە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت و هیچ زاراوەیەک نییە کە بتوانێت ئەو دڕندەییە روون بکاتەوە کە لەوێ روودەدات.

رۆژی شەممەی رابردوو، 28ـی ئۆکتۆبەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەزیادبووندایە، کە جارێکی دیکە ژنان و منداڵان و خەڵکی بێتاوانی مەدەنی کردووەتە ئامانج، ئەمەش قەیرانی مرۆیی قوڵتر کردووەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ واز لەو شێتییە بێنێت و هێرشەکانی رابگرێت".

بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەئەنجامدا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها زیاتر لە 230 کەسیش بە بارمتە گیراون.

لە بەرامبەر هێرشەکانی حەماس، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی قورسی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، 9 هەزار و 227 فەڵەستینی کوژراون، کە سێ هەزارو 826 یان منداڵن، هەروەها دوو هرەزارو 405 کوژراویش ئافرەتن.