ئەردۆغان داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی رابگرێت و واز لەوشێتییە بێنێت

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە ئیسرائیل دەکات هێرشەکانی رابگرێت، گوتیشی، ئەمڕۆ هەموو براکانم بانگهێشتی گردبوونەوەی گەورەی فەڵەستین دەکەم لە فڕۆکەخانەی ئەتا تورک.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "X" رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەزیادبووندایە، کە شەوی رابردوو هێرشەکان چڕتر بوونەتەوە، بەمەش جارێکی دیکە ژنان و منداڵان و خەڵکی بێتاوانی مەدەنی کردە ئامانج، ئەمەش قەیرانی مرۆیی قوڵتر کردەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ لەم شێتییە دەربچێت و هێرشەکانی رابگرێت"، دەشڵێت: "ئەمڕۆ هەموو براکانم بانگهێشتی گردبوونەوەی گەورەی فەڵەستین لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی ئیستانبوڵ دەکەم، کە تێیدا ئەم بانگەوازانە بەهێزتر دەکەین و هاوار دەکەین کە لەگەڵ گەلی فەڵەستین دژی ستەمکاری ئیسرائیل دەوەستین".

​لەبەرەبەیانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، به‌ گوێره‌ی دوایین ئاماری ته‌ندروستی غەززە، حەفت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون . لە ریزی کوژراوە فەڵەستینییەکانشدا، دوو هەزار و 913 منداڵ و هەزار و 709 ئافرەت هەیە و هەزار و 650 کەسی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.