شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ شەپۆڵێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێنیش بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو ئاستنەگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستببوو.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو دەستەی کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشداری دابوو لەبارەی ئەم شەپۆلە بارانە بەخوڕەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە شاری هەولێریش بەدیاریکراوی دوای کاتژمێر 1:24ـی دوای نیوەڕۆ بارانبارینی بەخوڕ دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەم بارانە بەخوڕەی ئەمڕۆ بەشێک لە خانووەکانی گەڕەکی داراتوو، بەحرکە و تۆپزاوە ئاوی تێیدا کۆبووەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو گەڕەکانە شوێنەکەیان قوڵە، ئەمەش ببووە هۆی کۆبوونەوەی ئاو، هەروەها لە بەشێک لە شەقامەکانیش گرفتی هاتووچۆ دروستببوو بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاو بەرزببوەوە.

گوتیشی: دەستەی کەشناسی ئەوەی رایگەیاند کە دیار نییە ئایا باران بەردەوام دەبێت یان نا، هەروەها لە ئێستادا لە شاری هەولێر هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، ئەمڕۆ بە دیاریکراوی دوای کاتژمێر 3ـی سەر لە ئێوارە بارانبارین ئیدارەی راپەڕینی گرتەوە، کە بارانبارینەکە بەشێوازێکی سەرتاپەگیر بوو کە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، لە ماوەی سێ کاتژمێردا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 10 ملیمەتر بارانباریوە، باران لەم دەڤەرە بەراورد بە ساڵی رابردوو تا ئەمڕۆ 15 ملیمەتر باریوە، هەروەها لە ساڵی پیشووتر لەو دەڤەرە 23 ملیمەتر بارانباریبوو.

هاوکات گوتیشی: لەم دەڤەرە لافاو دروستنەبوو و هیچ ئاستەنگییەکیش بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان درووستنەبووە.

لەلایەن خۆیەوە پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆکیش بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە هەندێک شوێن ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان درووستبوو، هاوکات لە شەش شوێن ئاو کۆببوەوە، تیمەکانی شارەوانی دهۆکیش رێڕە و مەنهۆڵەکان پاکدەکەنەوە لەپێناو ئەوەی کۆبوونەوەی ئاو نەمێنێت.

پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ئاماژەی بەوەدا، بە گوێرەی ئاماری کەشناسی دهۆک تاوەکو ئەمڕۆ 7.2 ملیمەتر بارانبارییوە.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیانیش لەبارەی بارانبارین رایگەیاند، ئەمڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین گەرمیانیشی گرتەوە، بەپێی گوتەی محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکرێت لەماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێری دهاتوو لە سنووری گەرمیان بە تایبەتی لە کفری لەگەڵ باشووری کفری، ناوچەی داودە و قادر کەرەم بارانێکی بەخوڕ ببارێت، لە ماوەی ئەم چەند کاتژمێرە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 20 بۆ 22 ملیمەتر باران ببارێت و، هەروەها لافاویش دروست ببێت، شارەوانی گەرمیانیش تەواوی ئامادەکاری کردووە بۆ روودانی هەر حاڵەتێکی کۆبوونەوەی ئاو.