لەماوەی دوو رۆژدا نزیکەی 200 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیان کردووە

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە
فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە

K24 – هەڵەبجە:

فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بۆ رۆژی دووەم بەردەوام بوو، بەگوێرەی ئامارەکانیش لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا نزیکەی 200 هەزار کەس سەردانی پارێزگای هەڵەبجە و فێستیڤاڵەکەیان کردووە.

رۆژی پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) لە پارێزگای هەڵەبجە بە بەشداری 600 جووتیار، فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە دەستیپێکرد کە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە، لە هەردوو بازگەی زەمەقی و دەرەشیش، 35 هەزار و 200 گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردووە، لەگەڵ 35 هەزار کەسیش لە سەنتەری قەزای هەڵەبجەوە، کۆی گشتی رۆژی یەکەم 70 هەزار و 200 کەس سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیان کردووە.

هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی رۆژی دووەمی فێستیڤاڵەکە کە دەکاتە رۆژی هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) لە هەردوو بازگەی زەمەقی و دەرەشیش، 85 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگای هەڵەبجە و لەگەڵ ئەوانەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە هاتوون، نزیکەی 120 هەزار کەس، لە رۆژی دووەمدا سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیان کردووە.

هەروەها پێشبینی دەکرێت، لە سێیەم رۆژی فێستیڤاڵەکە کە سبەی شەممە (4ـی تشرینی دووەمی 2023) کە دەکاتە کۆتا رۆژی فێستیڤاڵەکە، ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیاران سەردانی بکەن.

لە فێستیڤاڵەکەدا، 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران دابینکراون کە تێیدا جگەلە نمایشکردنی هەناری هەڵەبجە، بەرهەمی کشتوکاڵی خۆماڵی و خواردنە کوردەوارییەکان، دۆشاو، سرکە، هەنگوین، گوێزی هەورامان، توو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە پیشان دەدرێن.

ساڵی رابردوو، بە بەشداری 500 جووتیار لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، نزیکەی 250 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد لەماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵەکە و داهاتی فرۆشی بەرهەمە نمایشکراوەکانی فێستیڤاڵەکەش گەیشتە 950 ملیۆن دینار.