ژیار جەلال: تیمەکانی شارەوانی هەولێر سەرجەم مەنهۆڵەکانیان خاوێن کردەوە

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، رایدەگەیەنێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوو رەوشی هاتووچۆ لە هەولێر ئاساییی دەبێتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، سروشتی هەڵکەوتەی شاری هەولێر لە خاڵێکدایە کە نزمترین خاڵی دەوروبەریەتی ئەمەش هۆکارێکە بۆ کۆبوونەوەی ئاو لەو شارە. ناوبراو گوتیشی: کۆبوونەوەی ئاوی دیاردەیەکی سروشتییە لە هەموو جیهان روودەدات و هەرگیز ناتواندرێت رێگری لێبکرێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دوای کاتژمێر 1:30ـی دوای نێوەڕۆ بارانبارینی بەخوڕ لە هەولێر دەستیپێکرد، هەروەها تیمەکانی شارەوانی هەولێر مانگێک پێش ئێستا سەرجەم مەنهۆڵەکانیان خاوێنکردبووەوە، کەندە سرووشتیەکانی دەوروبەری شاری هەولێر و ناو شاری هەولێر هەمووی خاوێنکراببووەوە و، ئەمەش وایکرد ئەم شەپۆلە بەهێزەی بارانبارینە بەبێ هیچ زیانێکی گیانی و ماددی تێپەڕێت.

هاوکات راشیگەیاند، چەند شوێنێک هەبوو کە ئاوی تێداکۆببووەوە، بەڵام ئەوە شتێکی سرووشتییە لە هەموو شوێنێک روودەدات لەکاتی روودانی بارانی بەخوڕ، هەروەها لە کاتی بارانبارینیشدا تیمەکان شارەوانی لەسەر شەقام بوون هاوکاری هاووڵاتییانیان دەکرد، راستەوخۆ ئەو زبڵ و خاشاکانەی کە لەگەڵ شەپۆلی بارانەکە و لەگەڵ رێڕەوی ئاوەکە دەگەیشتنە سەر چاڵەکانی ئاو وەرگرتن راستەوخۆ لەلایەن تیمەکانی شارەوانی خاوێندەکرانەوە و، سەرجەم مەنهۆڵەکانیانیشیان خاوێن کردەوە، تەواوی شوێنەکانی شاری هەولێر کۆبوونەوەی ئاوی تێدانەماوە و، لە ئێستاشدا تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی ئەو قوڕ و لیتەیەن کە لە شەقامەکان کۆببووەوە.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، دەڵێت: کۆبوونەوەی ئاو دیاردەیەکی سرووشتییە لە هەموو وڵاتێک روودەدات و ناتواندرێت رێگری لێبکرێت، تەنیا دەکرێت پێش روودانی کۆبوونەوەی ئاوەکە ئامادەکاری تەواو بکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر رووشبدات زیانی گیانی و ماددی نەبێت، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر نزیکەی دوو کاتژمێر بارانێکی بەخوڕ باری، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری پێشواختەی نەکردبا بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی ئاو دەبووە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بە هاووڵاتییان بگات، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا تەنیا چەند ئاستەنگێکی دروستبوو، هەروەها لە چەند کاتژمێری داهاتوو رەوشی هاتووچۆ لە هەولێر ئاساییی دەبێتەوە.

ژیار جەلال، باسی لەوەشکرد، هەڵکەوتەوەی دروستبوونی شاری هەولێر لە خاڵێکدایە کە نزمترین خاڵی دەوروبەریەتی، ئەو شوێنانەی شاری هەولێر کە هەڵکەوتەکانی بەرزە کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی نییە، تەنیا ئەو شوێنانەی کە نزمە کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی هەیە، هەروەها هەموو ساڵێک لە شاری هەولێر لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و شەقامی 30 مەتری ئاوێکی زۆری لێکۆدەبووەوە، بەڵام لە هاوینی ئەمساڵدا پرۆژەیەکی زۆر باشی بۆ جێبەجێکرا لە ئێستادا شەقامی 30 مەتری بەهیچ شێوەیەک دڵۆپێکیش ئاوی لێکۆنابێتەوە و، چەندین شوێنی دیکە هەبوون هەمان کێشەیان هەبوو، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکانی چارەسەر کرد.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر، گوتی: ئێمە هەمیشە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاوکار بن و پاکوخاوێنی بپارێزن، ئەگەر بێت و زبڵ و پاشماوەکانیان فڕێنەدەنە سەر شەقامەکان و چاڵەکانی ئاو وەرگرتن بە دڵنیاییەوە زیانی کۆبوونەوەی ئاو بە ڕێژەیکی زۆر دادەبەزێت، چونکە ئاوەڕۆکان و چاڵەکانی ئاو وەرگرتن بەردەوام لەلایەن تیمەکانی شارەوانی خاوێندەکرێتەوە، بەڵام بەردەوامیش لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتییان کە هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکەن پیس دەکرێن کە زۆر جار ئەمەش دەبێتە هۆکاری کۆبوونەوەی ئاو.

گوتیشی: زۆر جار لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەرە مەنهۆڵەکان دەبردرێن کە ئەمەش وادەکات ئاسانتر زبڵ و خاشاک لەناو مەنهۆڵەکان کۆببنەوە و ببێتە هۆی گیرانی ئەو مەنهۆڵانە و کۆبوونەوەی ئاو.

ئەمڕۆ شەپۆڵێکی بارانبارینی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە هەندێک شوێنیش بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو ئاستنەگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستببوو.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو دەستەی کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشداری دابوو لەبارەی ئەم شەپۆلە بارانە بەخوڕەی کە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە شاری هەولێریش بەدیاریکراوی دوای کاتژمێر 1:24ـی دوای نیوەڕۆ بارانبارینی بەخوڕ دەستیپێکرد.

پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەم بارانە بەخوڕەی ئەمڕۆ بەشێک لە خانووەکانی گەڕەکی داراتوو، بەحرکە و تۆپزاوە ئاوی تێیدا کۆبووەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێک لەو گەڕەکانە شوێنەکەیان قوڵە، ئەمەش ببووە هۆی کۆبوونەوەی ئاو، هەروەها لە بەشێک لە شەقامەکانیش گرفتی هاتووچۆ دروستببوو بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاو بەرزببوەوە.

گوتیشی: دەستەی کەشناسی ئەوەی رایگەیاند کە دیار نییە ئایا باران بەردەوام دەبێت یان نا، هەروەها لە ئێستادا لە شاری هەولێر هاتووچۆ ئاسایی بووەتەوە.