ئەو قومارچییەی لە هەولێر دەستگیرکرا دەڵێ: بە ئۆنلاین قومارم دەکرد

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

ئەو گەنجەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر لەڕێگەی ئۆنلاینەوە قوماری دەکرد و بە دەیان کەس بەشداریان لەگەڵ دەکرد، لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکرا، باسی شێوەی قومارکردنەکە دەکات.

قومارچییە دەستگیرکراوەکە، بەناوی ( م.م.ج) تەمەنی 35 ساڵە و بە رەگەز عەرەبە و نانەوا بووە و لە یەکێک لە نانەواخانەکان، دەڵێت: قازانجکردنی پارە بەرەو ئەو هەڵەیەی بردم و لێی پەشیمانم.

لەبارەی شێوەی قومارکردنەکە دەڵێ: "لە یوتیوبەوە لایڤ دەکەمەوە و لینکەکە دادەبەزێنم پێی دەچمە ناو پێگەکە و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بێتە ناویەوە، سێتەکە دەخرێتە بەردەمیان، هەرکەسێک بباتەوە پارەکە بۆی حەواڵە دەکرێت".

ئەو کەسە لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەی ئۆنلاین قوماری لە جۆرەکانی (دۆمبەڵە، بەنکۆ و پۆکەر) کردووە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانی لەلایەن هێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر توانرا دەستگیر بکرێت و گشت ئەو کەلوپەلانەی بۆ ئەم مەبەستە بەکاری هێناوە دەستی بەسەر داگیرا، تۆمەتبار دۆسییەی یاسای بۆ کراوەتەوە و رەوانەی دادگا کراوە. پارێزەران باس لە زیادبوونی ئەو کەیسە دەکەن لە دادگا و مادەی یاسای ئەو تاوانە شی دەکەنەوە.

سەبارەت بە سزادانی ئەو کەسانەی قومار دەکەن بەپێی یاسا، کارزان سەید تەحسین، پارێزەری راوێژکار بە کوردستان24ی گوت: "سزای ئەو کەسانەی ساڵێک قوماریان داناوە ساڵێک زیندانی دەکرێت و بڕی پێبژاردنیش لە 200 هەزار دینارەوە تا یەک ملیۆن دینارە، بۆ ئەو کەسەی قوماریش دەکات زیندانیکردنی لە مانغیک زیاتر نییە و بڕی پێبژاردن لە 50 هەزار دینار تا 100 هەزار دینارە".

لە ساڵی 1960ـەوە لە عێراق بەپێی یاسا ئە سزایە بۆ ئەم تاوانە دانراوە، بەڵام ماددەیەکی زۆر قورس نییە و پارێزەران دەڵێن: پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە.