بوومەلەرزەیەکی بەهێز نیپاڵی هەژاند؛ زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە

رزگاربووانی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)
رزگاربووانی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)

K24 - هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر رۆژئاوای نیپاڵی هەژاند و، بەهۆیەوە لانیکەم 129 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندارن.

درەنگانی شەوی رابردوو (هەیینی، 03-11-2023)، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر ناوچەی جاجارکۆتی لە رۆژئاوای نیپاڵ هەژاند. بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی ئەو وڵاتە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لانیکەم 129 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدانی دیکەش بریندارن.

چەقی بوومەلەرزەکە لە گوندی رامیداندای ناوچەی جاجارکۆت بووە. بەهۆیەوە سەدان باڵەخانەی رۆژئاوای نیپاڵ رووخاون و لە شاری نیودێلهی هیندستانیش کە هاوسنوورە لەگەڵ ئەو وڵاتە، هاووڵاتییان هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە و باڵەخانەکانی هەژاندووە.

 

رزگاربووانی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)
رزگاربووانی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)

 

هاریش شاندرا شارما، بەرپرس لە ناوچەی جاجارکۆت بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییان زیاتر بەرزببێتەوە. هاوکات بوشبا کەمال، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی نیپال رایگەیاند، سەرۆکی حکومەت بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ تیمە پزیشکی و فریاکەوتنەکان چووەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە بۆ ئەوەی هاوکاری برینداران بکەن و ئەوانەی کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان، رزگاربکەن.

 

رزگاربووانی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)
 دیمەنی وێرانبوونی باڵەخانەیەک لە ئەنجامی بوولەمەرزەکەی نیپاڵ (وێنە: BALKUMAR SHARMA / AFP)

 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2015 دوو بوومەلەرزەی بەهێز نیپاڵیان هەژاند و بەهۆیەوە لانیکەم نۆ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە ملیۆن خانوو و باڵەخانە وێران بوون و بە بڕی شەش ملیار دۆلار زیانی دارایی بە ئابووری بەو وڵاتە گەیشت.