پۆستەری کاندیدەکانی پارتی لە کەرکووک دەشێوێندرێن

K24 – کەرکووک

چەند رۆژێکە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، لە شاری کەرکووک پۆستەری ژمارەیەک کاندیدی پارتی شێوێندراون.

پەیامنێری کوردستان24، لە کەرکووک رایگەیاند، بە دەیان پۆستەری کاندیدانی پارتی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی کەرکووک شێوێندراون.

د. محەممەد خورشید، کاندیدی پارتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "زۆربەی پۆستەرەکانمان شێوێندراون و دڕێندراون، دەستی هەر کەس و لایەنێکی لە پشت بێت ئەمە ئیفلاسی سیاسییە و راگەیاندنی دۆڕانی خۆیان دەکەن، بۆیە داوا لە دەنگدەر و لایەنگرانی پارتی دەکەین ئەم کردەوانە ساردتان نەکاتەوە لە بانگەشە کردن بۆ کاندیدەکانتان".

گوتیشی: "ئێمە پەنجەی تۆمەت بۆ کەس درێژناکەین، هەرچەندە ئەو جوڵانە لای ئێمە ئاشکران، بەڵام ئەوە جێدەهێڵین بۆ یاسا و بڕیاری دروستی لەسەر بدات، ئێمە دەمانەوێت شەڕی سیاسی و دیموکراسی وەکوخۆی بکەین، بە دڕاندنی پۆستەر ئەو شەڕە ناکرێت".

لە 1/11/2023، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق دەستیپێکرد، لە کەرکووک 10 هاوپەیمانێتی و پێنج پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەکەن، بە گشتی 234 کاندید لە هەڵبژاردنەکە بەشدارن.

ماوەی 45 رۆژ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، 48 کاتژمێر پێش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بانگەشە رادەگیرێت.

بڕیاره‌ رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق لە کەرکووک و 14 پارێزگای عێراق بە بەشداری زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی، دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە، پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی. کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.