مامۆستایەک لە رواندز سابوون و شامپۆ لە گوڵ و رەیحان دروست دەکات

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

مامۆستا شلێر عەبدولسلام، دانیشتووی قەزای رواندزە، لە پاڵ ئەرکی مامۆستایەتی دەستیکردووە بە بەرهەمهێنانی سابوون و شامپۆ لە گوڵ و رەیحان و چەند بەروبوومێکی دیکەی خۆماڵی، وەکخۆی دەڵێت: بە بەرهەمەکانی چارەسەری سرووشتی بۆ چەند کێشەیەکی پێست دەکات.

مامۆستا شلێر، بە کوردستان24ی گوت: "بەرهەمەکانم هیچ ماددەیەکی کیمیایی تێدا نییە و جگە لە سوود بۆ پێستی مرۆڤ هیچ زیانێکی نییە".

دەشڵێت: "ئێستا بەرهەمەکانم بوون بە براند و جگە لە رواندز خەڵک لە شار و ناوچەکانی دیکەش داوای بەرهەمەکانم دەکەن، لە زۆر شوێن داوای بەرهەمەکانم دەکەن، بەڵام چونکە شوێنەکەم بۆ کارکردن گەورە نییە بەرهەمەکانم هێندە زۆر نین بیدەم بە هەموو دوکان و مارکێتێتک".

مامۆستا شلێر، باسی لەوەشکرد: "لە قوتابخانە هەموو کات قوتابیان هاندەدەم لە دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن تەنیا بیر لەوە نەکەنەوە کە دابمەزرێن، بەڵکو پشت بە توانا و بەرهەمەکانیان ببەستن".