کەرکووکییەکان بە هەڵبژاردن کۆتایی بە کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر دەهێنن؟

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 – هەولێر:

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا؛ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە لە کەرکووک ئەنجام بدرێت، کە بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، کاریگەری و گرنگی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کەرکووکییەکان جیاوازترە.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی شارەکە و ئەو دۆخەی لە کەرکووک لە رووی سیاسیی و ئەمنییەوە دروستبووە و ئیدارەیەکی خۆسەپێن سەرجەم جومگەکانی بەڕێوەبردنی گرتووەتە دەست، چاوەکان لەسەر ئەوەن؛ ئایا کورد وەک هەڵبژاردنی 2005، دەتوانێت زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت؟ بۆ ئەوەی دۆخی کەرکووک بگەڕێنێتەوە پێش ئۆکتۆبەری 2017.

کاریگەرییەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە کەرکووک روویدا، کورد کە دەسەڵاتی یەکەمی شارەکە بوو، لە زۆربەی پۆست و پلە باڵا ئیدارییەکانی شارەکە پەراوێزخرا و ئیدارەیەکی خۆسەپێن کە پێشتر کەمینەی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنەکان بوون.

کورد لە کەرکووک بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک زیاتر لە 100 پۆستی ئیداری دیکەی شارەکەی لەدەستدا، ئەمەش کاریگەری تەواوی لەسەر کورد لە کەرکووک لە هەموو لایەنەکانەوە دروستکرد، وەک ئاوەدانکردنەوەی ناوچە کوردنشینەکان، دامەزراندن، ئاسایش و پاراستنی هاووڵاتییان، دروستکردنی کێشە بۆ خوێندنی کوردی لە شارەکە و پشتگوێخستنی کەرتی تەندروستی لە ناوچە کوردنشینەکان و چەندین بواری دیکە.

لە رووی ئازادی نەتەوەیی و کاری سیاسییەوە، بە هەموو شێوەیەک رێگری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان کراوە و زۆرجاریش رێگری کراوە لە بەکارهێنانی زمانی کوردی یان پشتگوێخراوە لە نووسراوە فەرمییەکان و تابلۆ گشتییەکان بەکاربهێندرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 وەستا و ئەوەی پێشتریش ئەنجامدرا بوو، بە هاتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە عەرەبی هاوردە بۆ سەر زەوی کشتوکاڵی جووتیارانی کورد لە کەرکووک، جارێکی دیکە کەرکووک لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر رووبەڕووی شاڵاوێکی دیکەی تەعریب کردن بووەوە.

ئەمەش جگەلەوەی شارەکە بەهۆی نەبوونی پێشمەرگە و بوونی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان و هێزە سەربازییەکانی دیکەی عێراق لە کەرکووک و دەوروبەری، وایکردووە تا ئێستا دۆخی ئەو پارێزگایە ئاسایی نەبێت و وەک سەربازگەیەکی گەورە وابێت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق ئەنجام بدرێت کە لە ساڵی 2005ـەوە ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگایە لە شاری کەرکووک بەڕێوەبچێت کە سەرجەم لیست و لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک لەسەر 15 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکە کێبڕکێ دەکەن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، 870 هەزار و 920 کەس لە کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە و بۆ هەڵبژاردنی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆی 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانی و پێنج لیستی سەربەخۆی پارتە سیاسییەکان و سێ کاندیدی سەربەخۆ.

پارێزگای کەرکووک کە لە چوار قەزا و 12 ناحییە پێکهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە 344 بنکەی دەنگدان و دووهەزار و 33 وێستگەی دەنگدانی ئامادەکردووە کە لەلایەن 11 هەزار و 65 فەرمانبەرەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەیە، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.

هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کردووە ق چوار کاندیدیان هەیە. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کردووە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی 2005ـدا، لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکووک بە لیستی برایەتی كەركووك، بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد و 26 کورسی لە کۆی 41 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا وەک لیستی یەکەم لە کەرکووک.

کورد لە کەرکووک لەم هەڵبژاردنە چی دەوێت؟

بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک، کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەوڵی گەڕانەوەی ناسنامەی راستەقینەن بۆ شارەکەیان، کە بەهۆی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، ناسنامە و شووناسی شارەکە شێوێندراوە، کە بەپێی دەستوور و رێککەوتنە سیاسییەکان و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی لە پەرلەمانی عێراق، جەخت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کراوتەوە.

بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی پارێزگای کەرکووک لەلایەن پۆلیسی ناوخۆیی و هەڵگرتنی فشار و رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و دادپەروەردی لە دامەزراندن و بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی پۆستە ئیدارییەکانی کەرکووک بەگوێرەی بەرکەوتی نەتەوەیی و هەڵبژاردن، لەگەڵ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و کاراکردنەوەی لیژنەکانی قەرەبووکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو سەبارە بە گرێبەستە کشتوکاڵییەکان، لە داواکارییە سەرەکییەکانی کوردە لە کەرکووک.

لەگەڵ ئەوەشدا، وابڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، کە ئەم هەنگاوەش بۆ کەرکووک گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، هەرچەندە چەندین جار بەغدا رەتیکردووەتەوە، ئەو سەرژمێرییە بەشێک بێت لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140، بەڵام جێگیرکردنی ژمارەی دانیشتووان بۆ کوردی شارەکە لە داهاتوودا گرنگی خۆی هەیە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.