شه‌ماڵ سه‌باح: حكومه‌ت ده‌توانێت رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ نه‌هێشتنی سیحر و جادوو ببینێت
K24 – هەولێر:
مامۆستایه‌كی ئایینی ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌كارهێنانی ئه‌ندامی جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵان و گیانله‌به‌ران بۆ سیحر، تاوانه و سووكایه‌تیكردنه به دروستكراوه‌كانی خودا، هه‌روه‌ها پێی وایه حكومه‌ت ده‌توانێت رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بۆ نه‌هێشتنی سیحر و جادوو ببینێت.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 4ـی تشرینی دووه‌می 2023) شه‌ماڵ سه‌باح، مامۆستای ئایینی تایبه‌ت به كوردستان24ـی رایگه‌یاند، دیارده‌ی به‌كارهێنانی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی گیانله‌به‌ران و ئاژه‌ڵان به‌تایبه‌تی "پشیله و سه‌گ" له كوردستان بۆ سیحر و جادوو، بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ئاشكرا و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی جۆراوجۆری له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه هه‌یه، كه كاری سیحر و جادوو ده‌كه‌ن و خه‌ڵكی پێ فریو ده‌ده‌ن.
ئه‌و مامۆستا ئایینیه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دیارده‌ی ده‌ركه‌وتنی سیحر و جادوو، دیارده‌یه‌كی نوێ نییه و مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه كه هاوشانه له‌گه‌ڵ مێژووی ده‌ركه‌وتنی ئایینه‌كان. گوتیشی، سه‌باره‌ت به پشیله "كلك و گوێچكه و مێشك"ـی زیاتر بۆ كاری سیحر به‌كارده‌هێنرێت و ئه‌وانه‌ی ناویان له خۆیان ناوه شێخ و ساحیرن، سوود له‌و شوێنانه‌یان و ته‌نانه‌ت شوێنه‌كانی دیكه‌ی پشیله و ئاژه‌ڵانی دیكه وه‌رده‌گرن بۆ كاره‌كانیان و فریودانی به‌تایبه‌ت كچان و كوڕان.
مامۆستا شه‌ماڵ سه‌باح باسی له‌وه‌ش كرد، سیحر كاریگه‌ری هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی نه‌رێنین. روونیشیكردووه، كه دوو جۆر سیحر هه‌یه، یه‌كێكیان سیحری خه‌یاڵكردن "تخیل"ـه، كه له ساحیره‌كان له مووسا پێغه‌مبه‌ر-ـیان كرد، وه‌ك قورئان ده‌فه‌رمووێت: " قَالَ بَلْ أَلْقُوا ۖ فَإِذَا حِبَالُهُمْ وَعِصِيُّهُمْ يُخَيَّلُ إِلَيْهِ مِن سِحْرِهِمْ أَنَّهَا تَسْعَىٰ"/ طه66، كه روونی ده‌كاته‌وه گورسیه‌كان له پێش چاوی مووسا بوونه مار! هه‌روه‌ها سیحرێكی دیكه هه‌یه، كه سیحری راستییه و خودا له قورئان فه‌رموویه‌تی: "وَمِنْ شَرِّ النَّفَّاثَاتِ فِي الْعُقَدِ"/ الفلق4، كه خودا به پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ده‌فه‌رمووێت خۆت له شه‌ڕی ئافره‌تانی ساحیر بپارێزه.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌وه‌ی ساحیره‌كان له‌پێناو ئه‌نجامدانی سیحره‌كانیان به‌رامبه‌ر به ئاژه‌ڵان و گیانله‌به‌ران ده‌یكه‌ن، سووكایه‌تیپێكردنی دروستكراوه‌كانی خودا و پێشێلكردنی مافه‌كانیانه.
مامۆستا شه‌ماڵ جه‌ختیشیكرده‌وه، سیحر كه ساحیره‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، كار كردنه له‌گه‌ڵ "شه‌یتان" و ئامانجیان تێكدانی خێزان و نێوانی هاوسه‌رانه. گوتیشی، مرۆڤ به په‌نابردنه به‌ر سیحر "بێباوه‌ڕ" ده‌بێت!
ئه‌و مامۆستا ئایینه پێی وابوو و به پێویستی زانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی چاكسازییه‌كانی له سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هه‌روه‌ها چاكسازی له بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بكات، كه سیحر یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه و حكومه‌ت ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی بكات و له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌یهێڵێت. گوتیشی، مامۆستایانی ئایینی و ناوه‌نده هۆشیارییه‌كانی دیكه ده‌توانن رۆڵی باش بگێڕن، به‌ڵام حكومه‌ت له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌كانیدا ده‌توانێت كاریگه‌ر بێت و پرۆسه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌ستپێبكات.