بەرپرسی لقی 3ی پارتی: بارەگای لقمان لە کەرکووک وەرگرتەوە

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 5/11/2023، پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای لقی 3ی لە کەرکووک وەرگرتەوە، کە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 داگیرکرابوو، بەرپرسی لقی 3ی پارتی رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا بارەگاکەیان بە فەرمی دەکەنەوە.

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان وەرگرتەوە و لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی پێشکەشی زانکۆی کەرکووکمان کرد، هەروەها بارەگای لقمان وەرگرتەوە و لە ماوەی 10 رۆژدا نۆژەنی دەکەینەوە و کار و چالاکییەکانمان لە بارەگای لق دەستپیدەکەینەوە".

گوتیشی: "لە خزمەت چین و توێژەکانی کەرکووک دەبین بە هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانەوە، ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە خزمەتی خەڵکی کەرکووک بکەین بەبێ جیاوازی، راستە شەش ساڵە بارەگامان لێرە نەبووە، بەڵام پارتی لە دڵی خەڵکی شارەکەدا بووە".

بەرپرسی لقی 3ی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "پارتی باوەڕی بە چەسپاندنی دیموکراسییە و خزمەتکردنی خەڵکە، بەڵێن بە خەڵکی کەرکووک دەدەین خزمەت بە هەموو چین و توێژەکان دەکەین، ئومێد دەکەین خەڵک متمانە بە کاندیدەکانمان بدەن، چونکە پارتی بەبێ جیاوازی بەرگری لە خەڵکی کەرکووک کردووە".

محەممەد کەمال، سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی خۆی، کە یەکێک لە خاڵەکانی رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایانەیە کە لە 16 ئۆکتۆبەرەوە لە کەرکووک داگیرکراون.