لەماوەی هەشت مانگدا ئەمەریکا 14 هەزار کۆچبەری دەستگیرکردووە

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نواکشۆت بڵاویکردەوە، پاسەوانانی سنووری ئەمەریکا لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 14 هەزار هاووڵاتی مۆریتانیایان دەستگیرکردووە، رۆژی هەینیش دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی مۆریتانیایان راگەیاند.

دوای ئەوەی هەموو دەرگاکان بەڕوویدا داخران بەمەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار لە مۆریتانیا، خالید وەلەد عەبدولڕەحمان هیچ بژاردەیەکی نەبوو، جگە لەوەی ژیانی خۆی بخاتە مەترسی و دەست بە گەشتێکی مەترسیدار بکات بە کۆچکردنی نایاسایی بۆ ئەمەریکا.

خالد بە ئاژانسی "AWP" راگەیاند، بڕیاریداوە پەیوەندی بەو هەزاران گەنجەی مۆریتانیاوە بکات، کە هەفتانە گەشت دەکەن و وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن، بۆ ئەوەی بگەنە سنووری نێوان مەکسیک و ئەمەریکا و بپەڕنەوە بۆ ناو ئەمەریکا "خاکی خەونەکان".

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە نواکشۆت بڵاویکردەوە، پاسەوانانی سنووری ئەمەریکا لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 14 هەزار هاووڵاتی مۆریتانیایان دەستگیرکردووە، کە لە مەکسیکەوە سنووریان بەزاندووە، رۆژی هەینیش دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دیپۆرتکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی مۆریتانیایان راگەیاند، چونکە ئەوان بەشێوەیەکی یاسایی ناهاتوونەتە ئەمەریکا، ئاماژەت بەوەشکرد، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران "پەیامێکی روونە" بۆ ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی کۆچ دەکەن و دەستبەجێ دەگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە دوو ساڵی رابردوودا گفتوگۆی خەڵکی مۆریتانیا لەسەر کۆچی نایاسایی بۆ ئەمەریکا بووە، دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابوورییەوە تووشی ناڕەحەتی بوون، بەمەش هەموو ئەوشتانەی کە هەیتیان دەیفرۆشن یان پارە قەرز دەکەن بۆ ئەوەی تێچووی گەشتەکەیان دابین بکەن، کە بە تێکڕا نزیکەی هەشت هەزار دۆلار بووە.

لەبەرامبەر ئەو خواستە زۆرەی لەسەر پلیتی گەشت بۆ نیکاراگوا هەیە بۆ دەستپێکردنی گەشتە مەترسیدارەکە بۆ مەکسیک، نووسینگەکانی گەشتیاری لە مۆریتانیا بە هاوکاری لەگەڵ قاچاخچییەکانی ئەمەریکای لاتین ئەم گەشتانە رێکدەخەن، کە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردن و دەستەبەرکردنی گەشتەکان تا دەگەنە دیواری نێوان مەکسیک و ئەمەریکا.

گەشتی مۆریتانییەکان کە کۆچ دەکەن بۆ ئەمەریکا، لە نواکشۆتەوە بۆ ئیستانبوڵ دەست پێدەکات و لەوێشەوە بە فڕۆکە دەڕۆن بۆ کۆڵۆمبیا و لەوێشەوە بەرەو نیکاراگوا، لەوێشەوە قورسترین و مەترسیدارترین قۆناغی گەشتکردن بۆ مەکسیک دەست پێدەکات، گەشتی وشکانی بەرەو مەکسیک کە درێژیەکەی نزیکەی 1700 کیلۆمەتر دەبێت، ئامرازی گواستنەوەی جۆراوجۆری وەک پاس بەکاردەهێنرێت، جگە لە رۆیشتن و سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا، کە زۆر جار لەوانەیە باندەکانی دارستانەکان رێگە لە کۆچبەرە نایاساییەکان بگرن.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی 2.3 ملیۆن کەس لە مۆریتانیا، واتە نزیکەی لەسەدا 57ـی دانیشتووان، لە هەژاریی و فرەڕەهەنددا دەژین،

خالید هیوادارە خێزانەکەی لە هەژاری رزگار بکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە خێزانەکەی هانیانداوە کۆچ بکات، چونکە زەوییەکیان بۆ فرۆشتووە لە نواکشۆتی پایتەخ، خالید باس لەوە دەکات، کە ئەم گەشتە نزیکەی هەشت هەزار دۆلاری تێدەچێت.

رێژەی بێکاری لە مۆریتانیا لە ساڵی 2022دا 11.10% تۆمارکراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ بۆ 12% بەرز دەبێتەوە. رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی مۆریتانیا لە بەرزترین ئاست دایە، کە زۆرترین رێژەی بێکاری لەنێو تەمەنی 15 بۆ 24 ساڵدایە بە 21% دەخەملێرێت.

​ باڵیۆزی ئەمەریکا، سینتیا کیرشت، لە نواکشۆت رایگەیاند، لەم دواییانەدا خەڵکی مۆریتانیا زیاتر ئەو گەشتە مەترسیدارە ئەنجام دەدەن، بەمەبەستی پەڕینەوە بۆ ناو خاکی ئەمەریکا، جگە لەوەی ئەمەریکا هەڵمەتێکی بۆ ناساندنی ئەو رێگا زۆرانەی کە خەڵک دەتوانن بە شێوەیەکی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەمەریکا روون کردووەتەوە.