هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.. شیعەکان لە گۆڕەپانی سوننەکان یاری دەکەن

هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف
هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، لایەنە شیعەکانی عێراق لە رێگەی چەندین هاوپەیمانییەوە، هەوڵی کێبڕکێ دەدات لەگەڵ هێزە سوننەکان بۆ بەدەستهێنانی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوچە سوننەنشینەکان.

وابڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەبچێت، کە لە ساڵی 2013ـەوە، ئەم هەڵبژاردنە لە عێراق ئەنجامنەدراوە، بەگشتیش کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە، ئەمەش وایکردووە لایەنە شیعەکان بە لیستی جیاواز و لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانی جیاواز لەو پارێزگایانە بەشداری بکەن.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سێ هاوپەیمانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی (کە لەگەڵ لیستی نەهجی نیشتمانی هاوپەیمانی کردووە کە نوێنەرایەتی پارتی فەزیڵەی عێراقی دەکات)، هاوپەیمانی بونیاددەنێین کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات (بە لیستی هاوپەیمانی هێز و لایەنەکانی حەشدی شەعبی ناسراوە و نوێنەرایەتی هەموو گرووپە چەکدارییە شیعییەکانی نزیک لە ئێرانی لەخۆگرتووە) و هاوپەیمانی هێزی دەوڵەت کە لە رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم و هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی پێکدێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە گۆڕەپانی کێبڕکێی سوننەکاندا، شەش هاوپەیمانی پەیوەندیدار بە هێزە شیعییەکان لە پارێزگا سوننەکان دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و لەگەڵ چوار بەرە سەرەکییەکەی سوننەکان (تەقەدوم، سیادە، حەسم و عەزم) رکابەری لەسەر کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک دەکەن.

یەکەم: هاوپەیمانی چوارچێوەی نیشتمانی

هاوپەیمانی چوارچێوەی نیشتمانی (تحالف الإطار الوطني) بە سەرۆکایەتی محەممەد سالم غەببان، یەکێکە لە سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر و پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق بووە. ئەم هاوپەیمانییە لە کەرکووک و سەڵاحەددین بەشداری لە کێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات.

هاوپەیمانی چوارچێوەی نیشتمانی پێکهاتووە لە هاوپەیمانی بنیاتدەنێین (تحالف نبني) بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانی "نصحح" بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم.

دووەم: هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانی

هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانی (تحالف الحدباء الوطني) بە سەرۆکایەتی هاشم شاتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا کێبڕکێی دەکات و پێکهاتووە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانی "نصحح" بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، رێکخراوی بەدر، رەوتی "الصفوة"ـی نزیک لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و هاوپەیمانی خەدەمات.

سێیەم: هاوپەیمانی سەفوەی نیشتمانی

هاوپەیمانی سەفوەی نیشتمانی (تحالف الصفوة الوطني)  بە سەرۆکایەتی حەیدەر مەزهەر معلاک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بەشداری کردووە کە هەریەکە لە  بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، بزووتنەوەی ئیرادە بە سەرۆکایەتی حەنان فەتلاوی، بزووتنەوەی حقوق نزیک لە رێکخستنەکانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، لەگەڵ پارتەکانی "العطاء"، "سومريون"، "المنتج الوطني" و"الصدق".

چوارەم: هاوپەیمانی خەدەمات

هاوپەیمانی خەدەمات (خزمەتگوزاری) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد جاسم سابیر لە پارێزگای ئەنبار چووەتە کێبڕكێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە کە پێکهاتووە لە بزووتنەوەی عێراقی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی، سەرۆکی گرووپی چەکداری کەتیبەکانی ئیمام عەلی و هاوپەیمانی "سلامة وطن" بە سەرۆکایەتی کەریم عەبدرەزا.

پێنجەم: هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی

هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی (تحالف النهج الوطني) کە عەبدولحوسێن موسەوی سەرۆکایەتی دەکات و لە هەردوو پارتی "واعدون" و"تنوع" پێکهاتووە، لە هەر 15 پارێزگاکە بە لیستی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە.  

شەشەم: هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی

هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی (تحالف العقد الوطني) کە بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکە لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و خالید کەبیان سەرۆکایەتی دەکات، هەریەکە لە بزووتنەوەی "عطاء"، حزبی ئیسلامی عێراقی، پارتەکانی "الثبات" و "الحزم الوطني" لەخۆگرتووە و لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق 2023

ژمارەی کورسی پارێزگا سوننەکان وەک لە یاسای هەڵبژاردندا جێگیرکراوە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە کە حەوت کورسییان کۆتای ئافرەتانە، ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە16 کورسی پێکهاتووە کە چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، پارێزگای دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە، هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدای پایتەخت لە 49 کورسی پێکهاتووە و 13 کورسییان کۆتای ئافرەتانە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش لە 15 کورسی پێکهاتووە و چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.