ئاراس خۆشناو: داواکارییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە

ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوی ستراتیژی کوردستان
ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوی ستراتیژی کوردستان

K24 – هەولێر:

چاودێکی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، کە بەغدا ئامانجی خۆی هەیە لەم مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات و دەیەوێت بە وەرگرتنی هەموو نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان رابگرێت، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لیکۆڵینەوەی ستراتیژی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستانی داوا دەکات هیچ بنەمایەکی زانستی، دارایی و یاسایی نییە.

بەغدا قۆناغ دوای قۆناغ ئاستی داواکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان بەرزتردەکاتەوە، هەمیشە داواکاریی لە هەرێمی کوردستان هەیە و  ئامادەش نییە ئەو مافانەی لەلایەتی بە تەواوی بیدات بە هەرێمی کوردستان و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات، هەروەها رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا روون بوون، دواتر بوونە بنەمای یاسای بوودجە، بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان سەرەڕای پابەندییەکانی خۆی هیچ مافێکی دارایی پێنەدراوە.

ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوی ستراتیژی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی بەغدا لە هەرێمی کوردستانی داوا دەکات بنەمایەکی زانستی، دارایی و یاسایی نییە.

لەسەر بنەمای رێککەوتنی هەردوولا،  هەرێمی کوردستان رازی بوو بۆ ئەوەی لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە  نەوت هەناردە بکرێت، دواتر رازی بوو بۆ ئەوەی %50ـی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکرێت، بەڵام لە بەرامبەردا تا ئێستا بەغدا تەنیا بەشێکی مووچەی فەرمانبەران بە قەرز دەنێرێت.

لەلایەن خۆیەوە دڵشاد مستەفا، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خراوەتە ناو ئەجێندایەکی سیاسی، ئەوە عێراق هەمیشە هەوڵدەدات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان برسی بکات، عێراق دەیەوێت هەمیشە گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و، هەروەها ئامانجی خۆی هەیە لەم مامەڵەیەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات.

لەگەڵ رێککەوتن و پەسەندکردنی یاسای بوودجە لە پەرلەمانی عێراق، نییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سفر بکاتەوە، بەڵام دوای چەندین مانگ لە پەسەندکردنی یاسایەکە تا ئێستا کێشەکان وەک خۆیان ماون و بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی کوردستانەوە یاری سیاسی دەکرێت.